رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ رایگەیاند، ئەمڕۆ دووەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی بەرهەمە خۆماڵییەکان بەڕێوەدەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، لە 70 خێوەتدا بەرهەمە خۆماڵییەکان نمایش و بەبازاڕ دەکرێن.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ بە شێوازێکی فراوانتر و جیاواز لە پار، فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان بەڕێوەدەچێت. لە فێستیڤاڵەکەدا هەنجیر، سماق، ترێ، 6 جۆری برنج، سامانی ئاژەڵ، هەروەها هەموو جۆرەکانی دانەوێڵە و میوەی ناوچەکە نمایش دەکرێن.
فێستیڤاڵەکە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە عەلوەی هاوچەرخی ئاکرێ دەکرێتەوە و تاوەکو 20ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێت، چاوەڕێی هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران دەکەن. گوتیشی: "نزیکەی 70 جووتیار و پێنج کۆمپانیای خۆراک بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن. جیاواز لە ساڵانی رابردوو، بەرهەمەکان بەبازاڕیش دەکرێن".
ئاکرێ بە هەنجیر، سماق و برنجی کوردی بەناوبانگە. پار، نزیکەی حەوت هەزار تۆن هەنجیر، 10 هەزار تۆن برنج و پێنج هەزار تۆن سماقی هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ