رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە وەرزی گەرما، نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 40 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. بازرگانێکی سووتەمەنی دەڵێت، نەوت دابەشبکرێت، نرخ دادەبەزێت و دابەشنەکرێت بەرمیلێک دەگاتە 200 هەزار دینار.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی مەیدانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان ئەمڕۆ بە کۆ 145 هەزار دینارە".
بە 10 هەزار کرێی گەیاندن و 5 هەزار قازانجی فرۆشیاران، بەرمیلێک نەوت بە 160 هەزار دینار دەگاتە هاونیشتمانیان.
گوتەبێژی مەیدانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر گوتی: "ماوەیەک لەمەوبەر لەکاتی گەرمادا بەرمیلێک نەوت بە 107 هەزار دینار بوو".
پار، حکومەت بەرمیلێک نەوتی بە نرخی پاڵپشتیکراو بە 104 هەزار دینار دایە هاونیشتمانیان.
بە گوتەی سەرباز کەریم، ئەگەر ئەمساڵیش حکومەت نەوت دابەشبکات، نرخ دادەبەزێت. گوتیشی: "نەوت دابەش نەکرێت نرخی بەرمیلێک دەگاتە 200 هەزار دینار".
پار دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو لە 12ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکرد.
بۆ وەرگرتنی نەوت، هەرێمی کوردستان دابەشی سەر سێ زۆن کراوە: ناوچە شاخاوییەکان 320 هەزار خێزان، ناوچەکانی دەوروبەر 340 بۆ 345 هەزار خێزان و سەنتەری شارەکانیش 625 هەزار خێزان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ