بێکاری لە کفری: هەڕەشەی چۆڵبوون و پەراوێزخستنی شارێکی دەوڵەمەند

18-09-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
دیمەنێکی شاری کفری.
دیمەنێکی شاری کفری.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی کفری هۆشداری لەبارەی بێکاریی لە شارەکە دەدەن. سەرۆکی شارەوانیی کفری داوا لە وەبەرهێنەران دەکات، روو بکەنە شارەکە و دڵنیایی دەدات لەوەی "ئاسانکاریی زۆریان بۆ دەکرێت". ئەمەش لەپێناو رەخساندنی هەلی کار.
 
چالاکڤانێکی کفری ئاشکرای دەکات، "بێکاری بووەتە هەڕەشەیەکی جیدی لەسەر گەنجانی شارەکە و بەو هۆیەوە هەزاران خێزان کفرییان جێهێشتووە". 
 
گوتیشی "دەکرێت دەیان کارگە لە کفری دابمەزرێن کە دەبێتە دەرفەتی گەورەی کار بۆ گەنجانی شارەکە، چونکە بە کانزا دەوڵەمەندە و تەنانەت یۆرانیۆم لە شاخەکانی کفری هەیە و لە رووی نەوتەوە لە کەرکووک دەوڵەمەندترە". 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-9-2025 بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لەنێو باڵەخانەی مێژوویی سەرای کفری، کە رۆژگارێک سیمبولی دەسەڵات و ئاوەدانی بووە، میوانداریی کۆمەڵێک بەرپرس، چالاکڤان و نوێنەری پێکهاتەکانی شارەکەی کرد بۆ خستنەڕووی ئەو قەیرانە فرەڕەهەندانەی بەرۆکی ئەم شارە دێرینەی گرتووە. میوانەکان بە نیگەرانییەکی قووڵەوە هۆشدارییان دا لەبارەی کۆچی بەردەوامی خەڵکەکەی، بێکاریی رەها، پەراوێزخستنی شوێنەوار و ناسنامەی مێژوویی شارەکە، کە بە وتەی ئەوان، کفری خستووەتە بەردەم مەترسیی گەورەوە.
 
چالاکڤانێکی کفری: هەزاران خێزان کفرییان جێهێشتووە
 
مامۆستا قادر ئیسماعیل، کە وەک چالاکڤانێکی دیاری شارەکە بەشداربوو، بە داتای شۆکهێنەر وێنەی دۆخی شارەکەی کێشا و رایگەیاند کە هاوار و ناڵەی دانیشتووانی کفری "گەیشتووەتە کەشکەڵانی فەلەک" بەبێ ئەوەی وەڵامێکی کرداریی هەبێت. 
 
مامۆستا قادر کە سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و ئەندامی رێکخراوی پاڵپشتیی کفرییە، ئاشکرای کرد کە کفری لەژێر مەترسیی چۆڵبوونێکی راستەقینەدابووە و وتی: "ساڵانە لەنێوان 200 بۆ 400 خێزانی کورد و تورکمان بەهۆی نەبوونی هەلی کار و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیانەوە شارەکەیان جێدەهێشت." مەترسییەکە بەوە زیاتر دەکات کە "لە شوێنی ئەو خێزانانە، ئاوارەی عەرەب نیشتەجێ بوون کە زۆربەیان نەگەڕاونەتەوە، ئەمەش مەترسیی گۆڕانی دیمۆگرافیای دروستکردووە."
 
ئەو روونیکردەوە "بێکاری گەیشتووەتە ئاستێک کە گەنجی کفری ئامادەیە رۆژانە بە 5 هەزار دینار کار بکات، گەنجانی کفری ئامادەن مانگانە بە 150 هەزار دینار کابکەن، بەڵام کار دەست ناکەوێت."
 
قادر ئیسماعیل بە پشت بەستن بە وتەیەکی پێشووی مام جەلال، جەختی کردەوە: "کفری لە رووی کانزا و سامانی نەوتەوە لە کەرکووک دەوڵەمەندترە و باس لە بوونی یۆرانیۆمیش لە شاخەکانیدا کراوە، کەچی رێژەی سوودمەندبوونی خەڵکەکەی لەم سامانە گەورەیە نزیکە لە سفرەوە. هیچ کارگەیەک نییە وەبەرهێنان لەو سامانە زۆرانەی کفریدا بکات".
 
نوێنەری پێکهاتەی تورکمان: دوای راپەڕین ناوی گەڕەکە تورکمانەکانی کفری گۆڕدراوە
 
سزگین مسڵح، وەک نوێنەری پێکهاتەی تورکمان لە کفری، بەشداریی لە بەرنامەکەدا کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان وەکو پێکهاتەیەکی رەسەنی شارەکە پەراوێزخراون، رەخنە و گلەییەکانیشی لە چەند خاڵێک کۆکردەوە: 
 
سەزگین موسڵیح بە ژمارە باسی لە نادادپەروەری کرد و گوتی: "بەپێی رێژەی دانیشتووانمان کە نزیکەی 20%ی شارەکە پێکدێنین، دەبوو لە کۆی 15 بەڕێوەبەرایەتی، چوار پۆستمان بەربکەوتایە، کەچی راستییەکەی تەنیا یەک بەڕێوەبەرمان هەیە. ئەمە ستەمێکی ئاشکرایە."
 
یەکێکی دیکە لە نیگەرانییە قووڵەکانی ئەوەبوو کە "گەڕەکی تایبەت بە تورکمان هەبووە و تەنانەت لە سەردەمی بەعسیشدا ناوەکەی پارێزراوبوو، بەڵام دوای راپەڕین ناوەکانیان گۆڕاوە بۆ کوردی."
 
ئەو جەختی کردەوە کە تورکمانەکانیش وەک کورد لە سەردەمی رژێمی بەعسدا رووبەڕووی ستەم و ئەنفال بوونەتەوە، بەڵام لە ئێستادا لە دابەشکردنی دەسەڵاتدا مافیان پێ نادرێت.
 
پشتڕاستیشیکردەوە،  "خەڵکی تورکمانیش هاوشێوەی کورد بەهۆی بێکاری و نەبوونی دەرفەتەوە ناچاربوون شارەکە جێبهێڵن، ئەمەش زیانی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی شارەکە داوە".
 
سەرۆکی شارەوانیی کفری: ئێستا مانگانە 70 بۆ 80 مامەڵەی خانووبەرە دەکرێت
 
عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانیی کفری رایگەیاند، بەشێک لە کێشەکان دەرەنجامی قەیرانی دارایی گشتیی هەرێمی کوردستانن، بەڵام ئاماژەی  بە باشتربوونی دۆخەکە کرد، رەتیکردەوە ئەو خێزانە عەرەبانەی لە کفری نیشتەجێن لەژێر پرۆسەیەکی تەعریب دابن و گوتی: "ئەوانە ئاوارەی شەڕی داعشن و کفری وەک شارێکی مرۆڤدۆست ئامێزی بۆ کردوونەتەوە. ئەوانە هاوردە نین و بگرە لە بواری کشتوکاڵدا سوودیشیان بە ناوچەکە گەیاندووە."
 
لەبارەی هەنگاوی کرداری بۆ بووژاندنەوەی کفری، باسی لەوە کرد کە بڕیاری رێگەدان بە دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی 100 مەتری، کە بۆ خەڵکی کەم دەرامەت دەرچووە، بووەتە هۆی بووژانەوەیەکی بەرچاو لە بازاڕی خانووبەرەدا و جەختیکردەوە "پێشتر مانگانە پێنج مامەڵەی کڕین و فرۆشتن نەدەکرا، بەڵام ئێستا مانگانە نزیکەی 70 بۆ 80 مامەڵە تۆمار دەکرێت."
 
سەرۆکی شارەوانیی کفری داوای لە وەبەرهێنەر و سەرمایەداران کرد، سەرمایەگوزاری لە کفری بکەن، لەپێناو رەخساندنی هەلی کار و گوتی "وەبەرهێنان دەبێتە هۆکار بۆ رەخساندنی هەلیکار و نەهێشتنی بێکار و دەبێت کەرتی تایبەت رۆڵی هەبێت لە بەکارخستنی گەنجان". دڵنیاییشیدا "کارئاسانیی زۆر بۆ سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان دەکەین". 
 
خاوەنی نووسینگەیەکی خانووبەرە: خزمەتگوزاری جووڵەی خستووەتە بازاڕەوە
 
نەوزاد داوودی، وەک خاوەنی نووسینگەیەکی خانووبەرە و شایەتحاڵێکی نزیک لەسەر دۆخی ئابووریی شارەکە، بە نموونەیەکی کردارییەوە باسی لە داڕمانی گەورەی بازاڕی خانووبەرە لە کفری کرد، بەتایبەت لەدوای شەڕی داعش و قەیرانەکانەوە. ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە دوای شەڕی داعش بازاڕی کفری بە تەواوی داڕما و نرخەکان دابەزین، بەهۆی نەبوونی هەلی کاریشەوە خەڵک کۆچیان کرد، بەڵام ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم دواییانەدا بەهۆی چەند بڕیارێکی شارەوانی وەک "پێدانی مۆڵەتی خانوو بۆ زەوی 100 مەتری"، جووڵەیەکی باش بۆ بازاڕ گەڕاوەتەوە. وتی: "ئەم بڕیارە یارمەتیدەرێکی گەورە بوو بۆ خەڵکی کەم دەرامەت و بووە هۆی بوژاندنەوەی بازاڕ."
 
جەختی کردەوە کە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکەکان کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی موڵک و گەڕانەوەی ئومێد بۆ خەڵک هەبووە و جووڵەی خستووەتەوە بازاڕ.
 
بەشێکی دانیشتووانی کفری ترسیان لە گۆڕینی دیمۆگرافیا هەیە بەهۆی نیشتەجێبوونی زۆری خێزانە عەرەبەکان لەنێو شارەکە، بەڵام ئەو خاوەن نووسینگەیەی خانووبەرە ئاشکرای دەکات، "بەشێک لە هاووڵاتییانی عەرەب لە کفری خانوو دەکڕن، بەڵام لە کفری تاپۆ بە ناوی هاووڵاتیی عەرەبەوە ناکرێت، بۆیە ناچار دەبن موڵکەکانیان بە ناوی کەسێکی کوردەوە تۆمار بکەن."
 
روونیشیی کردەوە، کفری پێچەوانەی شارەکانی دیکە نرخەکان هەرزانە، بەڵام ئەوەی بیەوێت قازانجی زۆر دەکات و ئاشکرای کرد، "گرانترین زەویی نیشتەجێبوون لە باشترین شوێنی کفری، ئەگەر رووبەرەکەی 400 مەتر بێت، نرخەکەی نزیکەی 6 دەفتەر دۆلارە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

فڕۆکەخانەی هەولێر: شەوی رابردوو 38 گەشت دواخران

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت، شەوی رابردوو بەهۆی تەمەوە 38 گەشت بۆ ئەمڕۆ دواخران. کەشناسێکیش بە رووداوی گوت، "پێشبینی دەکرێ ئەمشەو تەنیا لە دەشتی هەولێر تەم هەبێت."