کەشناسی: سبەی پلەی گەرما دادەبەزێت و تاوەباران دەبارێت

18-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان خۆڵبارین دەبێت و لە چەند ناوچەیەک تاوەباران دەبارێت و پلەی گەرما دادەبەزێت. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات، بارانەکە لاواز بێت.

ئەمڕۆ 18ـی ئەیلوول، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "لە ئێوارەوە ئەگەری چالاکبوونی با لە باشووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان هەیە. پلەی گەرمای ئەمڕۆ نزیک دەبێتەوە لە دوێنێ".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەینێ، کەشناسی دەڵێت: "لە ناوچە شاخاوییەکان بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵات، نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵ لە زۆرینەی ناوچەکان".
 
کەشناسی ئاماژەی بە یەکەم بارانی ئەم وەرزە کردووە و رایگەیاندووە: "ئەگەری کەمێک تاوەبارانی پچڕپچڕ هەیە لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری خۆرهەڵاتی هەرێمی کوردستان".
 
لە راگەیێندراوەکەدا کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پلەی گەرمای سبەی کردووە و رایگەیاندووە: "بەراورد بە ئەمڕۆ 5 بۆ 6 پلەی سیلیزی دادەبەزێت".
 
شاڵاو هیدایەت، پێشبینیکاری کەشوهەوا ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بارانبارینەکە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارەی راپەڕین دەگرێتەوە و لاواز دەبێت".
 
ئەو کەشناسە گوتیشی: "لە سبەیەوە لەگەڵ خۆڵبارینەکەدا تاوەکو دووشەممە، شەپۆلێکی پاییزە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرما پێنج پلە و لە هەندێک ناوچە زیاتریش دادەبەزێت".
 
هەروەها محەممەد کەمال، پێشبینیکاری کەشوهەوا بە رووداوی گوت: "کاریگەریی خۆڵبارینەکە زیاتر لەسەر کەرکووک، گەرمیان، هەڵەبجه، بەشێکی سلێمانی و دەشتی هەولێر دەبێت و لە ناوچەکانی دیکە لاواز دەبێت".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 34 پلەی سیلیزی  
سلێمانی: 31 پلەی سیلیزی
دهۆک: 32 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 33 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 35 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 37 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 32 پلەی سیلیزی
سۆران: 29 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 26 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 31 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 21 پلەی سیلیزی

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە