رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا شەشەم بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێ، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو نۆک و فاسۆلیا لە بەشەکەدا نین، بەڵام لە چەند پارێزگایەکی دیکە دابەش کراون. بەرپرسێک دەڵێت، "لە عێراق لۆبیا دابەشکراوە و هەرگیز بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە."
لە بەشەخۆراکی شەشەمی ئەم ساڵدا ئەم خۆراکانە بۆ هەر کەسێک دابەش دەکرێن: 1 لیتر رۆنی شل، یەک قوتوو ئاوی تەماتە، سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، نیو کیلۆ نیسک و نیوکیلۆ لەتکە نۆک (ئاری نۆک).
هاونیشتمانییەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەتکە نۆک کواڵیتی زۆر خراپە و کەس نایخوات، هەروەها چەند مانگێکە فاسۆلیا و نۆک لە هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە و هۆکارەکەشی نازانین، لەکاتێکدا دەگوترێ لە پارێزگاکانی عێراق دابەشکراون."
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە ئەوەی بۆمان بێت، دابەشی دەکەین."
لەبارەی جۆرەکانی پاقلەمەنی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر گوتی، "ئاگادارین لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق لۆبیا و فاسۆلیا دراوە، بەڵام سێ مانگە نۆک و فاسۆلیامان بۆ نەهاتووە و لۆبیاش هەرگیز نەهاتووە."
بڕینی بەشەخۆراکی زیاتر لە 700 هەزار هاونیشتمانی چووە واری جێبەجێکردنەوە
بەهۆی نوێکردنەوەی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، زیاتر لە 700 هەزار هاونیشتمانی بەشەخۆراکیان بڕدراوە و لەم مانگەوە بڕینەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 702 هەزاریان فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕ نەکردووەتەوە و بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
رۆژی 2ی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد، دوای چەند جارێک درێژکردنەوەی کاتەکە، 02ـی ئەیلوول تۆمارکردن راگیرا.
بڕیارە دوای چالاککردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی، کە بڕیارە لە یەک مانگی داهاتوودا بکرێتەوە، ئەوانەی خۆیان تۆمارنەکردووە دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن و بەشەخۆراکیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "لەگەڵ کردنەوەی فۆرمەکە، زیادکردنی منداڵ و گواستنەوە دەستپێدەکات، بەڵام هەموو تۆمارەکان بە پارە دەبێ و ئەو کەسەشی زانیارییەکانی نوێ دەکاتەوە دەبێ هەژماریی بانکی هەبێت، چونکە پارەکەش بە ئەلیکترۆنی دەدرێ".
ئەو هاونیشتمانییانەی نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن، جگە لەوەی بەشێکی کەمیان لە ژیاندا نەماون، زۆرینەیان ئەوانەن لە دەرەوەی وڵات دەژین و لە فۆرمە ئەلیکترۆنییەکەدا دەرفەت بەوانە نەدرابوو خۆیان تۆمار بکەن، کە لە دەرەوە دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ