رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی تەواو بووە و دوای هێڵکاری دەکرێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، جێبەجێکردنی پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - کۆیە گەیشتووەتە 30%.
ئەمڕۆ شەممە 18-10-2025 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سێ پرۆژەی رێگەوبانی گۆمەسپان-سماقووڵی، کەسنەزان-گۆمەسپان و هەولێر-کۆیەی بەسەرکردەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''بە خۆشحاڵییەوە کارەکانیان زۆر بە باشی بەڕێوەچووە.''
بەگوتەی ئومێد خۆشناو، پڕۆژەی رێگەی گۆمەسپان-سماقووڵی تەنیا هێڵکارییەکەی ماوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەکرێتەوە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە رێگەی کەسنەزان-گۆمەسپانیش کرد و گوتی، ''70%ی کارەکانی تەواوکراون و کۆتایی ئەم ساڵ دەخرێتە خزمەت خەڵک.''
ئەو دوو سایدە جیاوازە لە پڕۆژەی دوو سایدی هەولێر - کۆیە، پڕۆژەکە بە درێژایی 16 کیلۆمەترە و شەش پرد و 50 ئاوبەری سندووقی بە درێژی و قەبارەی جیاواز لەخۆگرتووە.
هەردوو پڕۆژەکەی کەسنەزان - گۆمەسپان و گۆمەسپان - سماقووڵی لە لایەن کۆمپانیای هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێن کە کۆمپانیایەکی نێوخۆییە. ئومێد خۆشناو دەڵێت، ''شەو و رۆژ بە سەتان ئامێر، کاریان تێدا دەکرێ بۆ ئەوەی بە زوویی بخرێنە خزمەت خەڵکەوە.''
پارێزگاری هەولێر باسی لە رێگەی دووسایدی هەولێر - کۆیە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە نزیکەی 30%ی پڕۆژەکە جێبەجێکراوە.
ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکە سێ ساڵە و لەلایەن کۆمپانیای ئاوزانەوە کاری لەسەر دەکرێ. ئومێد خۆشناو دەڵێت، ''چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەکە بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی تەواو بکرێ.''
رێگەکە نزیکەی 37 کیلۆمەترە و 10ـی تشرینی یەکەمی پار، بەردی بناخەکەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دانرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ