رووداو دیجیتاڵ
دوای دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی شار و بەرپرسی شارەوانیی کرماشان، هەڵمەتی ناساندنی گەندەڵکاران لەو پارێزگایە دەستیپێکرد و داوا لە هاونیشتمانییان دەکرێت، گەندەڵکاران بە دەزگای داد و هێزە ئەمنییەکان بناسێنن.
بەڕێوەبەرانی هەڵمەتەکە لە راگەیێندراوێکدا داوا لە خەڵکی پارێزگای کرماشان دەکەن، "لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانتان و وەرگرتنی مافەکانی خۆتان کەمتەرخەم نەبن" و ئەگەر لە رابردوودا هەر گەندەڵییەکیان لە بەرپرس و فەرمانبەرانی حکومەت بینیوە یان بەرتیلیان لێ وەرگیراوە، دەزگا ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە.
ژمارەیەک چالاکڤانی بواری جیاواز لە کرماشان هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە و دەڵێن، ناساندنی بەرپرس و فەرمانبەرانی گەندەڵ هۆکار دەبێ بۆ رەخساندنی داهاتوویەکی باشتر لە پارێزگاکەدا.
هەڵمەتەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد، رۆژی 15-10-2025 حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتیی کرماشان رایگەیاند، دوو ئەندامی ئەنجوومەنی شاری کرماشان و سەرۆکێکی شارەوانیی ناوچەیەکی کرماشان، بەڕێوەبەرێک و دوو فەرمانبەری شارەوانیی ئەو شارە بە تۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل دەستبەسەر کراون.
ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون بە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی بەرپرسیارێتییان لە ئەنجوومەنی شار و شارەوانیی کرماشان و وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتبارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ