رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێ، لە رێگەی سندووقی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتییەوە 12 ملیۆن دۆلار بۆ ژمارەیەک پڕۆژە لە سنووری پارێزگاکە تەرخان کراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''بەشێک لە پڕۆژەکان جێبەجێکراون و ژمارەیەکیش کاریان تێدا دەکرێ.''
رۆژی شەممە، 18-10-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە ئامادەبوونی هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی 24ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، دانانی بەردی بناخەی قوتابخانە و بنکەیەکی تەندروستی لە گوندی هەنارەی سەر بە قەزای پیرمام راگەیاند.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بە پڕۆژەکانی سنووری پارێزگاکە کرد و گوتی، لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەکانی نێوان هەولێر و وەزارەتی پلاندانانی هەردوو حکومەت، لە ماوەی رابردوودا بڕی 12 ملیۆن دۆلار لە سندووقی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی کە لەسەر بودجەی بانکی نێودەوڵەتییە، بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژە تەرخان کراوە.
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک پڕۆژە لە سنووری پارێزگاکە جێبەجێکراون و بەشێکیشیان ئێستا کاریان تێدا دەکرێ.
وەک ئومێد خۆشناو دەڵێ، 5 ملیار و 750 ملیۆن دیناریش بۆ دروستکردنی 11 قوتابخانە و حەوت بنکەی تەندروستی تەرخان کراوە کە ''بەشێک لە قوتابخانەکان تەواو بوون و ژمارەیەکیش کاریان تێدا دەکرێت.''
ئومێد خۆشناو باسی لەوە کرد، لە داهاتووشدا جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی دیکە لە پلاندان و ''لەسەر راسپاردەی بەڕێز سەرۆکوەزیران، هاوسەنگیی نێوان ناوەندی شار، گوندەکان و دەرەوەی شار رادەگرین.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ