نەوت و کانزاکانی سۆران: نیوەی دانیشتووانی سنوورەکە نەوتیان وەرگرتووە

18-11-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا 50%ی دانیشتووانی سنووری ئیدارە سەربەخۆکەیان نەوتیان وەرگرتووە و پرۆسەکەش خێراتر دەکرێت. هاوکات دڵنیایی دەدات کە کێشەی غازی شل نییە و بەنزینی 750 دینارییش بەردەوام دابەش دەکرێت.
 
"نزیکەی 8 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە"
 
ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران، کە میوانی بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو بوو، رایگەیاند، سنووری ئیدارەی سۆران پێویستی بە نزیکەی 18 ملیۆن لیتر نەوتی ماڵان هەیە، "خۆشبەختانە لە 5 قەزا کە بریتین لە مێرگەسۆر، سیدەکان، چۆمان، رواندز و خەلیفان، پرۆسەی دابەشکردن کۆتایی هاتووە یان لە قۆناخی کۆتاییدایە. ئەمڕۆش لە ناوەندی قەزای سۆران دەستمان پێکردووە."
 
بە گوتەی ئەمیر شانەدەری، تاوەکو ئێستا نزیکەی 8 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە و هەر خێزانێک 200 لیتر نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو وەردەگرێت. گوتیشی، "نزیکەی 88 هەزار خێزان لە سنوورەکەمان مافی وەرگرتنی نەوتیان هەیە، بەهۆی زیادکردنی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەوە، پرۆسەکە خێراتر بووە."
 
سەبارەت بە شێوازی دابەشکردن، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، "بەهۆی گلەیی هاووڵاتییان، شێوازەکەمان لە بەنزینخانەوە گۆڕی بۆ دابەشکردن لەڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە (دەرگا بە دەرگا)." هەروەها دڵنیایی دا لەوەی، "لیژنەی تایبەت پشکنین بۆ کوالیتیی نەوتەکە دەکات و هیچ نەوتێک بەبێ پشکنین وەرناگیرێت."
 
"رۆژانە تاوەکو 140 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت"
 
لەبارەی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەت، ئەمیر شانەدەری گوتی، "پشکی سۆران لە بەنزینی 750 دیناری زیادیکردووە، رۆژ هەبووە تاوەکو 140 هەزار لیترمان بۆ هاتووە و بەسەر هەموو قەزا و ناحیەکانی سنوورەکەدا دابەشی دەکەین، بەتایبەتییش گرنگی بە گوندە دوورەدەستەکان دەدەین."
 
"کێشەی غازی شلمان نییە"
 
سەبارەت بە غازی شلی ماڵان، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و رایگەیاند، "هیچ کێشەیەکی کەمیی غازمان لە سنووری ئیدارەی سۆران نییە، رۆژانەش بڕی پێویستمان پێدەگات."
 
ئەمیر شانەدەری نرخەکانیشی ئاشکرا کرد و گوتی، "لە رێگەی 78 بریکارەوە لە سنوورەکە غاز دابەش دەکرێت و نرخی هەر بوتڵێک غازی ماڵان بە 8,500 دینارە. نرخی غازی بازرگانیش (بوتڵی سوور) کۆنترۆڵکراوە و لەنێوان 8,500 بۆ 9,000 دینارە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

میران بەکر، سکرتێریی رۆژنامەڤانی وەزیری پێشمەرگە.

سکرتێرێکی وەزیری پێشمەرگە: هێزێکی یەکێتی لە هەولێر ئەشکەنجەیاندام

میران بەکر، سکرتێری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێزێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی یەکێتی" لە شاری هەولێر دەستبەسەریان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە و سووکایەتییان پێکردووە و دواتر گوتوویانە هەڵەبوون. پارێزگاری هەولێر دەڵێ، بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن.