ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی شاری کرماشان دەستبەسەرکرا

18-11-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە درێژەی دەستبەسەرکردنی بەرپرسانی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی شار لە کرماشان، سێیەم ئەندامی ئەنجوومەنی شارەکە دەستبەسەرکرا.
 
رۆژی سێشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2025، میدیای ئێران بڵاویکردەوە: "هێزەکانی هەواڵگریی سوپای پاسداران ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی شاری کرماشانیان بە تۆمەتی گەندەڵی، سەرپێچیی کارگێڕی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی دەستبەسەرکردووە".
 
ناوی ئەو بەرپرسە ئاشکرانەکراوە، بەڵام بە گشتی تاوەکو ئێستا 3 ئەندامی ئەنجوومەنی شاری کرماشان دەستبەسەرکراون و ئەنجوومەنەکە بە تەواوی هەڵوەشێندراوەتەوە.
 
میدیای ئێران لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی شارەکەوە رایگەیاند، دەستبەسەرکردنی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شاری کرماشان لە درێژەی بەدواداچوون و دۆزینەوەی کەسانی گەندەڵ و سەرپێچیکار لەنێو دامودەزگا حکومییەکانی پارێزگاکەدا بووە.
 
حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتیی کرماشان، رۆژی 15-10-2025 رایگەیاند، دوو ئەندامی ئەنجوومەنی شاری کرماشان و سەرۆکی یەکێک لە ناوچەکانی شارەوانیی کرماشان، بەڕێوەبەرێک و دوو فەرمانبەری شارەوانیی ئەو شارە دەستبەسەرکراون.
 
داواکاری گشتیی کرماشان گوتی، بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی بەرپرسیارێتییان لە ئەنجوومەنی شار و شارەوانیی کرماشان و وەرگرتنی بەرتیل، بەڵگە هەیە کە دەستبەسەرکراوان لە سەرچاوە گشتییەکان و پڕۆژەکانی شارەوانی پارەیەکی زۆریان بۆ خۆیان بردووە.
 
رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2025، سەعید سەلیم ساسانی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری شار و ئەنجوومەنە ئیسلامییەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند: "بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی شاری کرماشان بە فەرمی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەوە پەسندکراوە و بەپێی مادەی 127ی یاسای ئەنجوومەنەکان، پارێزگاری کرماشان هەموو ئەرک و کاروبارەکانی پەیوەست بەو ئەنجوومەنە بەڕێوەدەبات."
 
21ی حوزەیرانی 2025 نادر نۆروزی، سەرۆکی ئەو کاتی شارەوانیی کرماشان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێش کرد و لە کۆبوونەوەی 27ی تەمموزی ئەم ساڵیش ئەنجوومەنی شاری کرماشان رەزامەندی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی دەربڕی و لە هەمان کۆبوونەوەدا حەمید ئیعتسامفەر بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری کرماشان بە شێوەیەکی کاتی وەک سەرپەرشتیاری شارەوانیی شارەکە هەڵبژێردرا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەکە لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر.

بەردی بناخەی دوو شەقامی 30 مەتری لە هەولێر دانرا

بەردی بناخەی دوو شەقامی 30 مەتری و 10 شەقامی نێوخۆیی دیکە لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر لە دوو پڕۆژەی جیادا دانرا. پارێزگاری هەولێر دەڵێ، زیاتر لە 750 ملیۆن دینار بۆ دروستکردنیان تەرخان دەکرێ.