جەنگیز چاندار بۆ رووداو: چاوەڕێی ئامادەکردنی دوو پێشنیازەیاساین لەبارەی گەریلاکان

18-11-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جەنگیز چاندار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چاوەڕێی ئامادەکردنی دوو پێشنیازە یاسای تایبەت بە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێ دەکەن لە داهاتوویەکی نزیکدا سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازادبکرێ.
 
لە پەراوێزی کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک، جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دایەوە.
 
کشانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەی زاپی هەرێمی کوردستان یەکیک لەو بابەتانە بوو کە چاندار هەڵوەستەی لەسەر کرد و گوتی، ئێستا نۆرەی تورکیایە هەنگاوی کاریگەر بنێت.
 
چاندار لەبارەی هەنگاوەکانی دەوڵەتەوە گوتی: "لە پەرلەمانی تورکیادا کۆمیسیۆنێک هەیە کە تەواوی پارتەکانی پەرلەمان، جگە لە پارتێکی بچووکی نەتەوەپەرست، ئەندامیان تێیدا هەیە. ئەو کۆمیسیۆنە لە 5ی ئابەوە کاردەکات. تاوەکو ئەمڕۆ 17 کۆبوونەوەی کردووە. گوێی لە کەسانێکی زۆر گرتووە".
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی هەروەها گوتی، کۆمیسیۆنەکە لە دوایین قۆناخی دا گوێ لە وەزیری ناوخۆ، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی هەواڵگری دەگرێ و ئیدی کارەکانی گوێگرتن تەواو دەکات. هەفتەی داهاتوو راپۆرت ئامادە دەکات.
 
جەنگیز چاندار گوتی: "بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی کۆمیسیۆنەکە ئامادەی دەکات، چاوەڕێ دەکرێ دوو پێشنیازەیاسا ئامادە بکرێن. یەکەمیان لەبارەی گەڕانەوەی ئەو گەریلا چەکدارانەی پەکەکەیە کە لێرەن (هەرێمی کوردستان) و تێکەڵبوونەوەیانە بە کۆمەڵگە و ژیانی سیاسی. دووەمیان، تایبەت دەبێ بەوانەی بەهۆی ئەندامیەتییان لە پەکەکە لە گرتووخانەن یانیش لە تاراوگەن، بۆ ئەوەی لە گرتووخانەکان دەربچن و تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببنەوە. ئەمانە پێشکێشی پەرلەمان دەکرێن و پەرلەمان بڕیاریان لەسەر دەدات".
 
چاندار لەبارەی ئەنجام و داهاتووی هەوڵەکانی پرۆسەی چارەسەری گوتی: "ئەگەر بەمجۆرە بڕوات، لەوانەیە لە کانوونی دووەم و شوبات دا گەیشتنی پرۆسەی چارەسەری بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بە چاوی خۆمان ببینین".
 
لەبارەی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ـەوە، جەنگیز چاندار ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بریاری لەسەر ئازادکردنی داوە و گوتی: "ئازادکردنی دەستبەجێی سەڵاحەدین دەمیرتاش پێویستییەکی یاساییە. لەڕاستیدا دەبوو ئەم هەفتەیە ئازاد بکرێ. بەڵام دەنگیان نەبوو، ئینجا ئەم کۆتایی هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو، بە ئەگەرێکی بەهێز لە زیندان دەردەچێ".
 
جەنگیز چاندار لەبارەی ئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری گوتی:"زیاتر لە پێشتر بڕوام بەوە هەیە. گەرەنتی بۆ هیچ شتێک نییە، هەربۆیە هێشتا دەبێت وریا بین. تاوەکو ئێستا، پڕۆسەکە زۆر ناوازەیە، بە هیچ یەکێک لەوانەی پێشوو و بە هیچ پڕۆسەیەکی دیکە لە جیهان ناچێت. پڕۆسەکە تایبەتمەندی خۆی هەیە و هیوابەخشە".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

میران بەکر، سکرتێریی رۆژنامەڤانی وەزیری پێشمەرگە.

سکرتێرێکی وەزیری پێشمەرگە: هێزێکی یەکێتی لە هەولێر ئەشکەنجەیاندام

میران بەکر، سکرتێری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێزێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی یەکێتی" لە شاری هەولێر دەستبەسەریان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە و سووکایەتییان پێکردووە و دواتر گوتوویانە هەڵەبوون. پارێزگاری هەولێر دەڵێ، بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن.