رووداو دیجیتاڵ
نووسەر و پەروەردەکارێکی دیاری کورد ستایشی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوانە دەکات کە لە بواری خوێندنی زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان بەدەستهاتوون و بە "هەنگاوێکی گەورە" ناویان دەبات، ئەوەش دوای دەیان ساڵ لە قەدەخەکردنی لەلایەن دەسەڵاتەکانی پێشووی سووریاوە.
رۆژی هەینی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رووداودا کە نالین حەسەن پێشكێشی کرد، دلاوەر زەنگی، رۆماننووس و بەرگریکاری دێرینی زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئێستا منداڵان لە رۆژئاوای کوردستان دەچنە قوتابخانەکان و بە کوردیی کورمانجی دەخوێنن و وانەکانیان بە سروودی نیشتمانیی "ئەی رەقیب" دەستپێدەکەن.
زەنگی بە رووداوی گوت: "ئەمە خەونێک بوو بۆ ئێمە" و ئەم دەستکەوتەشی بە ئاواتی شاعیرانی مێژوویی کورد وەک ئەحمەدی خانی و جگەرخوێن ناوبرد.
ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەشکرد، لە 14 ساڵی رابردوودا زمانی کوردی لە زمانێکی قەدەخەکراو و پەراوێزخراوەوە بووەتە زمانی فێرکردن، ئەوەش بەهۆی هەبوونی مامۆستای راهێنراوی کورد و زیادبوونی ژمارەی قوتابیان.
رەخنە لە میدیای کوردی
سەرەڕای پێشکەوتنەکان، دلاوەر زەنگی رەخنەی لە دۆخی میدیای کوردی گرت و بە "لاواز" ناوی برد، هۆکارەکەشی بۆ بەکارهێنانی وشەی هەڵە و نەبوونی زاراوەی ستاندارد گەڕاندەوە.
زەنگی پێیوایە دەبێت ئەو رۆژنامەڤانانەی بە کوردی کاردەکەن، خولی راهێنانی زمانەوانی ببینن بۆ ئەوەی زیان بە گەشەی زمانەکە نەگەیێنن.
بووژانەوەی چاپ و بڵاوکردنەوە
لەبارەی چاپ و بڵاوکردنەوە، زەنگی ئاماژەی بە "بووژانەوەیەک" کرد لە نووسینی کتێب لە رۆژئاوای کوردستان، کە تێیدا دامەزراوە کارگێڕییەکان، نووسەرانی سەربەخۆ و یەکێتییەکان بەرهەمی زۆر بە کوردی و عەرەبی چاپ دەکەن، بەڵام نیگەرانی خۆی لەبارەی "کواڵیتی"ی بەرهەمەکان نیشاندا و پێشنیازی کرد لیژنەیەکی سەربەخۆی دەستەی نووسەران لە شارەزایانی زمان پێکبهێنرێ بۆ وردبینیکردنی دەستنووسەکان لە رووی زمانەوانییەوە پێش چاپکردنیان.
زەنگی نیگەرانی خۆی لە نەبوونی دامەزراوەیەکی لەو شێوەیە دەربڕی وێڕای ئەوەی کە پێشتر پێشنیازکراوە، هاوکات داوای پاراستنی مافی نووسەرانی کرد؛ هەروەها گلەیی لە کەمیی خوێنەر کرد و گوتی: "تەنانەت نووسەرانیش بە دەگمەن بەرهەمی یەکدی دەخوێننەوە"، ئەوەش وەک خۆی دەڵێ، رێگرە لە گەشەسەندنی رەخنەی ئەدەبی.
دۆخی سیاسی و خوێندن دوای ئەسەد
دوای ئەوەی کە شەڕڤانانی کورد لە ساڵی 2012ـەوە ئەرکی بەرگریکردن لە رۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی باکووری سووریایان لە بەرامبەر داعش و رێکخراوە پەڕگیرەکان گرتە ئەستۆ، لە ساڵانی دواتردا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان لەو ناوچانە راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەو کاتەوە برەوی بە خوێندن بە زمانی دایک داوە و پڕۆگرامی خوێندنی کوردی لە قۆناخەکانی سەرەتایی و ئامادەیی فەراهەم کردووە و زانکۆی بە زمانی کوردی کردووەتەوە.
دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024 و دەستبەکاربوونی حکومەتی راگوزەر بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەوڵدەدات کە دانپێدانان بۆ بڕوانامەی قوتابی و خوێندکارەکانی لە سەرانسەری سووریا بەدەستبێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ