لە حاجی ئۆمەران بەفر بارین کەمیکردووە و باران زیادیکردووە

46 خولەک له‌مه‌وپێش
ئەندام جەبار
بەراورد بە پار بەفر کەمیکردووە و باران زیادیکردووە.
بەراورد بە پار بەفر کەمیکردووە و باران زیادیکردووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێرە حاجی ئۆمەرانە، نیشتیمانی بەفر. سەرمایەکی بەهێز و کاریگەرە و هێزی خۆرەتاویش دەرەقەتی نایەت. 
 
پلەی گەرما 4 پلە ژێر سفرە، خەڵکەکەی بە سەرما راهاتوون، بەڵام بە کەمی بەفر نا.
 
محەممەد خدر، هاونیشتیمانییە و دەڵێت، "ئەوە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵە بەفر لێرە زۆر کەم دەبارێت، ئەوەی ئێستا ئێمە پێی ناڵێین بەفر بارین، ئەوە بە با هاتووە، ئەگەر بەفر هەتا پشتێن نەیەت یان بەسەر بەفردا نەڕۆیتە سەربان ئەوە کوا بەفرە".
 
لەمساڵدا دوو جار لە سەنتەری حاجی ئۆمەران بەفر باریوە. چیا و بەرزاییەکان بە بەفر سپی پۆشن.
 
باو زریانی دوای بەفر بەستەڵەکی دروست کردووە و لە شەوان پلەکانی گەرمی دادەبەزن بۆ  10 پلەی ژێر سفر. 
 
کەمال فەقی ئەحمەد، هاونیشتیمانییە و باس لەوە دەکات، "ئەمشەو پلەکانی گەرما هەتا 10ــی ژێر سفر دابەزین، جاری وا هەیە هەتا 19 پلە ژێر سفر دادەبەزن، ئەگەر بەباشی خۆمان دانەپۆشین ناتوانین بێینە دەرەوە".
 
بەفری ئێرە سەرچاوەی بووژانەوەی کانیاو، کارێز و رووبارەکانە، هۆکارێکیشە بۆ راکێشانی گەشتیاران.
 
علاء خضیر، گەشتیارە و ئاماژە بەوە دەدات، "من یەکەم جارمە دێمە ئێرە، لە بەغداد هاتووم، چوار رۆژە لێرەین و ئەمڕۆ دەگەڕێینەوە هەولێر، کەشوهەوایەکی خۆشە و ناوچەکە زۆر جوان و شۆکهێنەرە."
 
بەگوێرەی ئاماری بەشی کەشناسی لە کشتوکاڵی سۆران، ئەم ساڵ لە باڵەکایەتی و حاجی ئۆمەران 17 سانتیم بەفر باریوە، پار تاوەکو ئەو کاتە 41 سانتیم بەفر باریبوو.
 
پێچەوانەی کەمی بەفر، باران بارین زیادی کردووە، پار تاوەکو ئەوکاتە 130 ملیم باریبوو، بەڵام ئەم ساڵ بەرزبووەتەوە بۆ 160 ملیم.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە