سوودانى: ویلایەتى دووەمى سەرۆکوەزیران خواستى کەسی نییە

18-11-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند، هاوڕایە لەگەڵ سەرۆک بارزانی لەوەی کە بەفیڕۆچوونی دەنگ هەیە لە جێبەجێکردنی یاسای هەڵبژاردن. دەشڵێت، "دروست نییە لە هەموو خولێکدا یاسایەکى هەڵبژاردن هەبێت."
 
سوودانى بەدەستهێنانەوەى پۆستى سەرۆکوەزیران بە خواستى کەسیی خۆى نازانێت و دەیبەستێتەوە بە پڕۆژەکانى حکومەتەکەی و دەنگى لیستەکەیەوە.
 
ئەو گوتانەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى هاوپەیمانیى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پانێلێکى کۆڕبەندی مێپس بوو لە زانکۆی ئەمریکی - دهۆک، کە ئەمڕۆ سێشەممە 18ى تشرینى دووەمى 2025 دەستیپێکرد.
 
'بەهۆی یاسای هەڵبژاردنەوە دەنگ بە فیڕۆچووە'
 
محەممەد شیاع سوودانی، تێبینیی لەسەر یاسای هەڵبژاردن هەبوو، کە پێی وابوو پێویستی بە گۆڕانکارییە و گوتى، "ئێمە لەگەڵ ئەوەین یاسای هەڵبژاردن جێگیر بێت، ئەوە دروست نییە کە لە هەموو خولێکدا یاسایەک هەبێت، کە بەگوێرەی هێزە سیاسییەکان و بوون و قورساییان یاسایەک دابڕێژرێت و بە باڵای خۆیان بێت، هاوڕام لەگەڵ بەڕێز سەرۆک بارزانی لەوەی کە بەفیڕۆچوونی دەنگ هەیە لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایەدا. بۆ نموونە، ئێمە وەک هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، نزیکەی یەک ملیۆن و 317 هەزار دەنگمان بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ ژمارەی کورسییەکانمان گونجاو نییە."
 
ئەو یاسای هەڵبژاردنەی ساڵی 2023 ئامادە کرا، جیاواز بوو لەوەی هەڵبژاردنی 2021ی خولی پێنجەمی پێکرا، فرەبازنەیی یەکێکە لە تێبینییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەو یاسایە.
 
سوودانی گوتی، "پانتاییەک لە پەرلەمان هەیە، دەبێت نوێنەرانی گەل تاوتوێى بکەن بۆ گەیشتن بە یاسایەکی دادوەرانە، کە گوزارشت بێت لە دەنگی دەنگدەران و لە هەمان کاتدا رێگر بێت لە بەفیڕۆچوونی دەنگ."
 
'ویلایەتی دووەم خواستێکی کەسیی نییە'
 
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، "لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا ئەنجامەکان یەکلاییکەرەوە نەبوون بۆ پێکهێنانی حکومەت، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پێکهێنەرێکی سەرەکیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە."
 
سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاند، "هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکات لەبارەی پێکهێنانی حکومەت."
 
لیستەکەی سوودانی لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و 46 کورسیی پەرلەمانی مسۆگەر کرد، کە بەراورد بە لایەنەکانی دیکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زۆرترین کورسیی هەیە.
 
لەبارەی دووبارە وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆکوەزیران، سوودانی گوتی، "ویلایەتی دووەم ویستێکی کەسی نییە بە هێندەی ئەوەی ئامادەییە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەیەک کە دەستمان پێکردووە، دەستکەوتێک کە هاتە کایەوە لەگەڵ سەرکەوتنێکی شایستە، بەو پێیەی لیستەکەمان لە ریزبەندیی یەکەمی براوەی ئەم هەڵبژاردنە بووە."
 
ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا "سیاسی نین"
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاند، "لەم حکومەتەدا رێژەیەکی زۆر لە لێکتێگەیشتن و راشکاوی و متمانەى مامەڵەکردن لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبووە."
 
سوودانی گوتی، "کێشە هەیە، بەڵام سیاسی نین و بە بڕیاری سیاسی نین، بەڵکو پەیوەندیدارن بە یاسا و شرۆڤەکردن و پرسی تەکنیکییەوە، راوەستان نییە و تیمى هاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە."
 
حکومەتی ئێستای عێراق لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2022 پێکهێندرا، لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی سیاسی کە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی لێکەوتەوە بە بەشداریی نوێنەری سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان.
 
لەبارەی چارەسەری کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "قۆناخی باشمان بڕیوە لە چارەسەرکردنی کێشەگەلێکی درێژخایەن کە بۆمان ماوەتەوە، کێشەکانی گرێبەستی نەوت و راگرتنی هەناردەی نەوت، ئێمە لە رێگەداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەش، حکومەتی فیدراڵی مامەڵەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراقی لە یەک ئاستدا داناوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە