شارەوانیی دارەتوو: کێشەی ئاوەڕۆمان نییە و ئەوەی روویدا کارەساتی سرووشتی بوو

18-12-2021
بەهرۆز فەرەیدوون
زیانەکانی لافاو لە هەولێر
زیانەکانی لافاو لە هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی لافاوەکەی هەینیی رابردووی شاری هەولێر بە تەنیا لەیەک ماڵدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە دایک و کچ و نەوەیەک بوون. برایەکی قوربانییەکانیش دەڵێت، هەرسێکیان بە خنکاوی و لەسەر جێگەی نوستنەکەیان نوقمی ئاوی لافاو ببوون.
 
محەممەد کەریم، ئەندامێکی خێزانی قوربانییەکە بە رووداوی گوت، "لەگەڵ دراوسێکانمان دەرگەی ژوورەکەمان شکاند تاوەکو ئاوەکە دابەزی، بینیمان هەرسێکیان لە سوچێکی ژوورەکەدا و لەسەر جێی خۆیان خنکابوون."
 
دوو ساڵ لەمەوبەر کوڕێکی دیکەی هەمان خێزان بەنەخۆشی شێرپەنجە و ساڵی رابردووش باوکیان بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە، محەممەد باسی لەوەکرد، زستانی هەموو ساڵێک دەبێت کۆستێک یەخەیان بگرێت، بەڵام هێشتا هەر سوپاسی خوا دەکەن.
 
لە شارۆچکەی دارەتوو، تیمەکانی شارەوانیی، دەزگای روانگە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و گرووپی کۆمپانیاکانی کار، لە بەیانییەکی زووەوە دەستیانکردووە بە خاوێنکردنەوەی ئەو گەڕەک و ماڵانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانییان بەرکەوتووە.
 
کاروان عارف، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو بەرووداوی راگەیاند، "13ساڵ دەبێت ئەو باران و لافاوە لە دارەتوو رووینەداوە، ئەو زۆنگاوانەی کە دەکەونە پشت دارەتوو و گوندی باغەمنارەوە، هەمووی کەندە ئاوێکی زۆری لێ کۆببووەوە، ئەو چاڵانەی ئەوێش هەمووی پڕ بوونەتەوە."
 
جوان عومەر، سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو دەڵێت، "ئەوەی روویداوە کارەساتێکی سرووشتیی بووە، ئێمە کێشەی ئاوەڕۆمان نییە."
 
بەهۆی لافاوەکەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 17-12-2021ەوە زیاتر لە دوو هەزار و 650 خێزان زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها نزیکەی 700 ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانیانیش زیانیان پێگەیشتووە. مەحبوبە ئەحمەد، بەرکەوتوویەکی لافاوەکەی شارۆچکەی دارەتووی هەولێرە ئەو گوتی، "کاتێک کچەکەم هات ئێمە لەناو ئاو هەستاینەوە، خۆمان بە محەجەرەکانەوە گرت و ئیدی رزگاربووین."
 
جگە لە تیمی رێکخراوەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر ئەوەی راگەیاند کە لەرێگەی 10 تیمەوە هەزار و 200 کارمەند لە شەش شارەوانی سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی پاشماوەی لافاوەکەن، جگە لە زیانە داراییەکان، بەهۆی لافاوەکەوە بە تەنیا لە هەولێر 12 کەس گیانیان لەدەستدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی

پەروەردەی سلێمانی: 140 قوتابخانە مەترسیی رووخانیان لەسەرە

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیێنێت، دوای نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتبوو، سەرەتای ساڵی نوێ دەوام لە چەمچەماڵ دەستپێدەکاتەوە. هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی 140 قوتابخانە لە سنووری سلێمانی مەترسیی رووخانیان لەسەرە.