رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی خێزانی نێرگس محەممەدیی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەڵێت، "بەیانی نێرگس لە دادگەی شۆڕشی ئێران دادگایی دەکرێت و ئەگەری هەیە بۆ زیندانێکی دەرەوەی ئێران بگوازرێتەوە." هەروەها گوتی، "نێرگس لە مافی پەیوەندیکردن بێبەشکراوە و نزیکەی دوو ساڵە لەگەڵ منداڵەکانی قسەی نەکردووە."
رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، ئەندامێکی خێزانی نێرگس محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی 2023، رایگەیاند، "رۆژی سێشەممە، 19ی کانوونی یەکەمی 2023، نێرگس لە دادگەی شۆڕشی ئێران دادگایی دەکرێتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە بیگوازنەوە گرتووخانەیەک لە دەرەوەی تاران."
تا ئێستا روون نییە بە دیاریکراوی بەکام تۆمەت دادگایی دەکرێت، بەڵام بەگوێرەی ئەو سەرچاوە خێزانییە، دادگایی کردنەکە لەسەر چالاکییەکانی نێرگسە لە دژی حکومەتی ئێران و سەپاندنی سەرپۆشی زۆرەملێ، هەروەها چەند چالاکییەکی دیکەشی کە لە زیندانی ئەڤین لە ئێران کردوونی.
نێرگس محەممەدی لە ساڵی 2010ـەوە چەندینجار بەهۆی پشتگیری لە ناڕەزایی خەڵک، رەخنەگرتن لە سەرکوتکردنی خەڵک، پشتگیری لە بەندکراوانی سیاسی و دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان دەستبەسەرەو و سزا دراوە.
ساڵی 2010 بە تۆمەتی دەستتێکەڵکردن دژی ئاسایشی ئێران، بانگەشەکردن دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و ئەندامێتیی لە ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤ بە 11 ساڵ بەندکردن سزا درا و دواتر سزاکە بۆ شەش ساڵ کەمکرایەوە و مانگی 6ی 2012 بەهۆی نەخۆشییەوە ئازاد کرا.
ساڵی 2014 جارێکی دیکە دوای ئەوەی دژی لەسێدارەدانی چەند بەندکراوێکی سوننە مەزهەب ناڕەزایی دەربڕی و کەمپینی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی دەستپێکرد، دەستبەسەرکرایەوە و بە هاوکاریکردنی داعش تۆمەتبار کرا، بە 16 ساڵ بەندکردن سزا درا و لە 08-10-2020 ئازاد کرا، بەڵام دوای چەند مانگێک دووبارە دۆسیەیەکی دیکە لە دژی کرایەوە، لە مانگی حوزەیرانی 2021 بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژی دەسەڵات و سەرپێچی لە بڕیاری بەرپرسانی گرتووخانە و تۆمەتهەڵبەستن بۆیان، بە لێدانی 80 جەڵدە و 30 مانگ بەندکردن سزا درا و مانگی 11ی 2021 دەستبەسەرکرایەوە و لە گرتووخانەی ئەڤین لە تاران راگیراوە.
خێزانی نێرگس لە لێدوانێکی جیادا رایگەیاند کە ئەو لە مافی پەیوەندیکردن بێبەشکراوە و نزیکەی دوو ساڵە لەگەڵ منداڵەکانی کە دووانەیەکی 17 ساڵن، قسەی نەکردووە.
رۆژی 6-10-2023، لیژنەی خەڵاتەکانی نۆبڵ ناوی براوەی خەڵاتەکەی بۆ ئاشتی لە ساڵی 2023 راگەیاند و خەڵاتەکە بەخشرایە نێرگس محەممەدی، چالاکڤانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لە ئێران.
بریت رێیس ئەندرسن، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵ گوتی، خەڵاتەکە بەهۆی "خەبات لە دژی ستەم و چەوساندنەوەی ژنان لە ئێران" بەخشراوە بە نێرگس محەممەدی. دەشڵێت، نێرگس محەممەدی قوربانی زۆری لەو پێناوە داوە.
هەمان رۆژ ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بۆ پیرۆزبایی لە نێرگس محەممەدی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە و نووسی، "دەنگی چاونەترسانەی محەممەدی کپ ناکرێت."
ئەنالینا بێربۆک هەروەها بڵاویکردەوە، "بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە نێرگس محەممەدی و لەگەڵیشیدا بە ژنانی ئێران، هێزی ژن بۆ ئازادی نیشاندەدات."
دوای نزیکەی دوو مانگ لە راگەیاندنی خەڵاتەکە کە لە 10ی کانوونی دووەمی 2023 بوو، کچ، کوڕ، هاوژین و برای نێرگس لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج ئامادەی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوون و لەبری ئەو وەریانگرت.
کیانا رەحمانی و عەلی رەحمانی، منداڵەکانی نێرگس، نامەیەکی دایکیان خوێندەوە کە لە زینداندا نووسیویەتی و تێیدا هاتووە، "ژنێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستم. خەڵكی ناوچەیەکم کە سەرەڕای هەبوونی شارستانییەتێکی دەوڵەمەند، بە ئاگری تیرۆر و جیاکاری تەوقدراوە."
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە، "خەڵکی ئێران لە رێگەی خۆڕاگرییەوە ستەمکاری و بەربەستەکان ناهێڵێت و... ئەم نامەیە لە پشت دیوارە بەرز و ساردەکانی زیندانەوە نووسراوە."
کیانا و عەلی لە 2015ـەوە لەگەڵ باوکیان لە فەرەنسا دەژین.
هەر لە رێوڕەسمەکەدا، حەمیدڕەزا محەممەدی، برای نێرگس محەممەدی گوتی، "نێرگس ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە نییە. ئەو لە زیندانە و بۆ پشتگیرکردن لە مافی کەمینە ئایینییەکانی ئێران دەستی بە مانگرتن کردووە. هەرچەندە نێرگس لەگەڵ ئێمە نییە، بەڵام بە دڵ و گیانمان هەست بە بوونی دەکەین."
نێرگس محەممەدی دووەم چالاکڤانی ئێرانیە خەڵاتی نۆبڵ دەباتەوە. لە ساڵی 2003ش خەڵاتی ئاشتی بۆ نۆبڵ بەخشرایە شیرین عیبادی، پارێزەر و چالاکڤانی مافی مرۆڤ.
نێرگس محەممەدی پێنجەم براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە کە لە زینداندا وەریگرتبێت. پێش ئەو، کارڵ ڤۆن ئۆسیێتزکیی ئەڵمانی، ئۆنگ سان سوکیی بۆرمایی، لیو شیابۆی چینی و ئالێس بێلیاتسکیی بێلارووسی وەریانگرتووە.
نێرگس محەممەدی تەمەن 51 ساڵ، لەدایکبووی زنجانی ئێرانە و زیاتر لە دوو دەیەیە چالاکڤانی مافی مرۆڤە. ئەو دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2009ـی ئێران دوو جار زیندانی کرا. لە ساڵی 2021 یش دەستگیرکرا و خرایە زیندانی ئەڤین و تاوەکو ئێستاش زیندانییە.
نێرگس محەمەدی پێشتریش خەڵاتی بۆ چالاکییەکانی لەپێناو مافەکانی مرۆڤ وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی ساخارۆف لە ساڵی 2018؛ مەدالیای ئازایەتیی پەیامنێرانی بێ سنوور لە ساڵی 2022 و ئەمساڵیش براوەی هەردوو خەڵاتی ئازادیی رۆژنامەگەریی پێنی ئەمریکا و خەڵاتی ئازادی رۆژنامەگەریی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.
لە ساڵی 1901ـەوە کە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دابەش دەکرێت، تاوەکو ئێستا 103 کەس و 27 دامەزراوە ئەو خەڵاتەیان وەرگرتووە و دووجار خەڵاتەکە بە هاوبەشی دراوە بە سێ کەس. 18 ژن لەنێو براوەکانی خەڵاتەکە دان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ