ئەحمەد حەمید
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، مەترسییەکانی قەرەباڵخیی نێو چاکسازییەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە هەولێر رێژەی سزادراوان نزیکبووەتەوە لە سێ هێندەی توانای چاکسازییەکە و 350 سزادراویش لە بنکەکانی پۆلیسن، بۆ ئەوەی شوێنێک لە چاکسازییەکان چۆڵ ببێت.
کوێستان محەممەد لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، داتاکانی پەیوەست بە سزادراوانی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو، بەپێی ئامارەکان، توانای لەخۆگرتنی چاکسازییە گەورەکانی هەرێمی کوردستان لە (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) بۆ هەر یەکێکیان تەنیا 909 کەسە، بەڵام زۆر زیاتر لەو ژمارەیە سزادراویان تێدایە.
بەپێی ئەو ئامارانەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرای کردن، دابەشبوونی سزادراوان بەسەر چاکسازییەکاندا بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
- چاکسازیی هەولێر، توانای 909 کەسە و 2216 سزادراوی تێدایە
- چاکسازیی سلێمانی، توانای 909 کەسە و 1736 سزادراوی تێدایە
- چاکسازیی دهۆک، توانای 909 کەسە و 1449 سزادراوی تێدایە
کوێستان محەممەد ئاماژەی بەوە دا، کێشەکە تەنیا شوێنی نووستن نییە، بەڵکو ژێرخانی چاکسازییەکان کە لە ساڵی 2010ـەوە دروستکراون، بۆ ئەو ژمارە زۆرە گونجاو نین.
وەزیری کار گوتی: "خوێندنگە، نەخۆشخانە، کتێبخانە و هۆڵەکان هەموویان بۆ 909 کەس دیزاین کراون، تەنانەت ژمارەی توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی و ستافی کارمەندان بەپێی ستانداردە کۆنەکە دامەزراون، بەڵام ئێستا بارگرانی لەسەر ستافەکە زۆر زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە پڕۆسەی چاکسازی بە سستی بەڕێوەبچێت."
یەکێک لە دەرئەنجامە خراپەکانی ئەو قەرەباڵخییە، مانەوەی سزادراوانە لە گرتن و گواستنەوەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ. بە گوتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تەنیا لە هەولێر 350 سزادراو هەن کە دادگاییکراون و سزاکەیان بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێن لە چاکسازیی گەوران، لە بنکەکانی پۆلیس ماونەتەوە.
کوێستان محەممەد، روونیکردەوە: "ئەمە پێشێلکاری مافی سزادراوە، ئێمە رێککەوتنمان هەیە کە هەر کاتێک ژمارەیەک ئازاد دەکرێن، بۆ نموونە 10 کەس، ئینجا داوا دەکەین 10 کەسی دیکەمان لە پۆلیسەوە بۆ بنێرن."
سەبارەت بە پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی، کوێستان محەممەد گەشبینی خۆی نیشاند ا کە پەرلەمانی کوردستان لە وەرزی یەکەمی خۆیدا کاری لەسەر بکات.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند: "بە نزیکەیی پێشبینی دەکەین یاسای لێبووردنی گشتی نیوەی سزادراوان بگرێتەوە."
بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەی قەرەباڵخی، وەزارەتی کار داوای دروستکردنی چاکسازییەکی گەورەی کردووە کە توانای لەخۆگرتنی پێنج هەزار سزادراوی هەبێت.
کوێستان محەممەد، گوتی: "زەوی بۆ پرۆژەکە تەرخانکراوە، بەڵام تێچووەکەی 50 ملیۆن دۆلارە و تاوەکو ئێستا بودجەی بۆ دابین نەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ