سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا بۆ رووداو: هەنگاریا بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا لەگەڵمان نییە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
ئێڤیکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا
ئێڤیکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێڤیکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا بێ جێگرەوە نییە بۆ هاوکاریکردنی دارایی ئۆکراینا، بەڵام لە بژاردەکانی دیکە هەنگاریا پشتیوانییان لێ ناکات. 

ئەمە لەکاتێکدایە سەرکردەکانی یەکێتییەکە رووبەڕووی ناکۆکی دەبنەوە لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی سامانە سڕکراوەکانی رووسیا بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی جەنگ بۆ کێیڤ.
 
لە پەراوێزی لووتکەی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە برۆکسل، ئێڤیکا قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و جەختی لە پێویستیی گەیشتن بە بڕیارێک کردەوە، لە کاتێکدا دانوستاندنەکانی ئاشتی بەردەوامن بەڵام هێشتا ئاگربەستێکی هەمیشەیی لێنەکەوتووەتەوە.
 
سیلینا بە رووداوی گوت: "ئەمە دوا دەرفەت نییە بۆ ئۆکراینا، بەڵام پێویستە بگەینە بڕیارێک. سامانە سڕکراوەکان تاکە بژاردەمان نین، بەڵکو بێگومان دەکرێت پەنا بۆ پێدانی قەرزێکیش ببەین کە دەکرێت لە لایەن ئەورووپاوە بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵام بۆ بڕیارەکە پێویستمان بە کۆدەنگییە". بەڵام گوتیشی: " تاوەکو ئێستا هەنگاریامان لەگەڵدا نییە."
 
سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا گوتیشی: "گرنگە بتوانین پشتیوانی لە ئۆکراینا بکەین، چونکە دانوستاندنەکانی ئاشتی بەردەوامن، کەچی هێشتا ئاشتی بەدەست نەهاتووە".
 
لێدوانەکانی سیلینا لە کاتێکدایە یەکێتییە 27 ئەندامەکە، لوتکەیەکی چارەنووسساز دەبەستێت بە ئامانجی کردنەوەی گرێی ملیاران یۆرۆ بۆ بەرگری و ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا لە ساڵانی 2026 و 2027. یەکێتیی ئەورووپا نزیکەی 210 ملیار یۆرۆ، کە دەکاتە 247 ملیار دۆلارم لە سامانەکانی بانکی ناوەندیی رووسیای سڕکردووە، کە زۆربەیان لە "یۆرۆکلیر"ن و بنکەکەی لە برۆکسلە.
 
پێشنیازە سەرەکییەکان بریتین لە بەکارهێنانی ئەم سامانانە بۆ دەستەبەرکردنی "قەرزێکی قەرەبووکردنەوە" بۆ ئۆکراینا، کە تەنیا لەو دۆخەدا دەدرێتەوە ئەگەر رووسیا قەرەبووی زیانەکانی جەنگ بداتەوە. بەڵام بەلجیکا، کە زۆربەی سامانەکان لەوێن، ترسی هەیە لە رووی یاساییەوە رووسیا کاردانەوەی هەبێت، بۆیە داوای گەرەنتی تەواو لە وڵاتانی دیکەی ئەندام دەکات.
 
کۆمەڵێک وڵاتی باکوور و رۆژهەڵاتی ئەورووپا، لەوانە لاتڤیا، ئیستۆنیا، پۆڵەندا، لیتوانیا، فینلاند، سوێد و ئێرلەندا پشتیوانی لە پلانەکە دەکەن، لەکاتێکدا ئیتاڵیا، ماڵتا، بولگاریا و وڵاتانی دیکە تێبینییان لەسەری هەیە. رۆژی هەینی، یەکێتیی ئەورووپا رەزامەندی دەربڕی لەسەر سڕکردنی سامانەکان بۆ ماوەیەکی نادیار، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی بەلجیکا و خۆشکردنی زەمینە بۆ قەرزەکە.
 
رێگە جێگرەوەکانی دیکە بۆ دابینکردنی دارایی، وەک پێدانی قەرزی هاوبەشی یەکێتیی ئەورووپا بە پشتیوانیی بودجەی یەکێتییەکە، پێویستی بە کۆدەنگی هەیە و مەترسیی ئەوەی لەسەرە رووبەڕووی "ڤیتۆ"ی هەنگاریا یان سلۆڤاکیا ببێتەوە.
 
قسەکانی سیلینا تیشک دەخەنە سەر زیادبوونی نیگەرانیی لایەنگرانی سەرسەختی ئۆکراینا لە ناوچەی باڵتیک، کە سامانە سڕکراوەکان وەک ئامرازێکی ئەخلاقی و پراکتیکی دەبینن بۆ بەهێزکردنی کێیڤ بێ ئەوەی گوشاری زیاتر بخەنە سەر بودجەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
 
لوتکەکە هاوکاتە لەگەڵ دانوستاندنەکانی ئاشتی بە نێوەندگیری ئەمریکا، کە تێیدا پێشنیازەکان لەوانە گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا و سازشکردن لەسەر خاک هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە. ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هۆشداریداوە کە بێ دابینکردنی پارەی بەردەوام، رەنگە کێیڤ ناچار بێت بەرهەمهێنانی کەرەستەی بەرگریی کەمبکاتەوە.
 
سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا هیوادارن تا کۆتایی لوتکەکە بگەنە رێککەوتنێک، ئەوەش وەک دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی قەوارەکە بە ئۆکراینا، لە کاتێکدا هۆشداری دەدرێت کە شکستهێنان دەتوانێت ورەی رووسیا بەرز بکاتەوە و مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی ئەورووپا زیاتر بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی پاسپۆرتی سلێمانی پەنجەمۆر بە ژنێک دەکات

پاسپۆرتی سلێمانی: بەبێ نۆرەگرتن پاسپۆرت بۆ دانیشتووانی چەمچەماڵ دەردەکەین

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، خەڵکی چەمچەماڵ بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن. راشیگەیاند، نووسراویان بۆ بەغدا کردووە تاوەکو ئەوانەی مامەڵەکانیان بەهۆی لافاوەوە تێکچووە، لە رسومات ببەخشرێن.