رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی دەڵێت، لە سنووری ناحیەی وارماوا سێ تۆمەتباریان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی شوێنەوار دەستگیرکردووە کە خەڵکی سنوورەکەن.
ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی سلێمانی بڵاویکردەوە، "دوێنێ لە دوای چاودێریکردن و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد، هێزەکانی ئاسایش لە سنووری ناحیەی وارماوا (زەڕایەن) بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، توانییان سێ تۆمەتبار دەستگیر بکەن و دەستبگرن بەسەر چەند ئامێرێکی دۆزینەوەی شوێنەواردا کە بەنیازبوون بۆ مەبەستی گەڕان و دۆزینەوە و دەرهێنان بەکاریان بهێنن".
لەو بارەیەوە، عەقید سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تۆمەتبارەکان هەموویان دانیشتووی هەڵەبجەی تازەن؛ شوێنەواریان پێ نەگیراوە و تەنیا ئامێری گەڕانی شوێنەواریان پێ بووە".
عەقید سەلام گوتی، تۆمەتبارەکان بە گوێرەی مادەی 24ـی شوێنەوار راگیراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
هەروەها ئاوارە حەمەشەریف، بەڕێوەبەری شارۆچکەی زەڕایەن ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وردەکاری دۆسییەکە لای ئاسایشە؛ لە رابردووشدا بۆ بابەتی هاوشێوە لێپێچینەوە لەگەڵ تۆمەتباران کراوە".
لە مادەی 24ـی یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان، لە شەش بڕگەی مادەکەدا سزای جیا بەگوێرەی بابەت و بڕگەکان بۆ ئەو تۆمەتبارانە دیاریکراوە کە مادەکە دەیانگرێتەوە.
لە بڕگەی چوارەمی مادەی 24دا هاتووە، "هەرکەسێک بێ رەزامەندی و نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی، کاری گەڕان و رووپێوی و هەڵکۆڵین ئەنجام بدات، یان هەوڵی دۆزینەوەی شوێنەوار بدات، بە بەندکردن سزا دەدرێت کە لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت... ئەگەر تاوانبار فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی یان بەڕێوەبەرایەتییەکان بێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت سزا دەدرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ