رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی کارمەندانی خۆبەخشی نەخۆشخانەی هیوا گردبوونەوە و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن؛ دەشڵێن ''بە مافی سەرەتایی خۆمانی دەزانین ساڵانی خۆبەخشیمان بە خزمەت هەژمار بکرێت.''
ئەمڕۆ (یەکشەممە 19-01-2025) ژمارەیەکی کارمەندانی خۆبەخشی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی گردبوونەوە و چەند داواکارییەکیان ئاراستەی پەرلەمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کرد.
رێبین عومەر، نوێنەری خۆبەخشانی نەخۆشخانەی هیوا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ''ئێمە زیاتر لە هەشت ساڵە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی حکومەتەکەمان، خۆبەخشانە و خۆنەویستانە بەوپەڕی توانامانەوە کارمان کردووە.''
رێبین عومەر ئاماژەی بەوە کرد ''بە پێویستی دەزانین بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر و خزمەتکردنی باشترمان، لەگەڵ گۆڕانکارییە داراییەکان هەوڵێکی جیدیتر بۆ ئێمەش بدرێت.''
بەگوتەی نوێنەرەکەیان، خۆبەخشانی نەخۆشخانەی هیوا داوای ''دامەزراندن بە شێوەی هەمیشەیی'' دەکەن؛ هەروەها دەڵێن، پێویستە ئەو ساڵانەی وەک خۆبەخش کاریان کردووە، بۆیان بە خزمەت هەژمار بکرێت ''چونکە وەک خۆبەخشێک ئەوە سەرەتاییترین مافی خۆمانە و لەو ماوەیەدا بەبێ جیاوازی، هاوشێوەی هاوڕێ دامەزراوەکانمان دەواممان کردووە.''
نەخۆشخانەی هیوا ساڵی 2007 لە سلێمانی کراوەتەوە و تایبەتە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە، زیاتر لە 230 کارمەندی خۆبەخشی هەیە و بەگوتەی خۆیان، بەشێکیان زیاتر لە 8 ساڵە لە نەخۆشخانەکەدا کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ