هەسەدە هۆشداری لە 'پەرەسەندنێکی مەترسیدار' دەدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا هێرشەکانیان بۆسەر ناوچەکانی عەین عیسا، شەدادێ و رەققە بەردەوامە؛ هۆشدارییش لە "گرژییەکی مەترسیدار" لە دەوروبەری زیندانێکی چەکدارانی داعش دەدات.

رۆژی دووشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2026 ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند، "شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان شەڕڤانانی ئەوان و ئەو گرووپە چەکدارانەدا لە دەوروبەری زیندانی ئەق تان لە رەققە بەڕێوەدەچێت."

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، زیندانی "ئەقتان" ژمارەیەکی زۆر لە دەستگیرکراوانی داعشی تێدایە، هەسەدەش دەڵێت، "هەوڵی ئەو گرووپانە بۆ گەیشتن بە زیندانەکە و کۆنترۆڵکردنی، پەرەسەندنێکی یەکجار مەترسیدارە."

هەسەدە هۆشداری دەداتە رای گشتی کە ئاستی هەڕەشەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، "ئەم هێرشانە دەرئەنجامی ئەمنیی مەترسیداریان دەبێت، سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدەن و رێگە بۆ گەڕانەوەی پشێوی و تیرۆر خۆش دەکەن."

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هێزەکانی سووریای دیموکرات، حکومەتی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکانی بە بەرپرسیاری تەواوی هەر "ئەنجامێکی کارەساتبار" دەزانن کە بەهۆی بەردەوامیی ئەو هێرشانەوە بێتە ئاراوە.

ئەم گرژییانە لە کاتێکدان، پێشتر باس لە رێککەوتنی ئاگربەست لەو ناوچانە کرابوو، بەڵام بەپێی گوتەی هەسەدە، هێرشەکان بۆ سەر عەین عیسا، شەدادێ و رەققە نەوەستاون. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە