رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، تانک و تۆپخانەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، زیندانی ئەقتانیان لە باکووری شاری رەققە بۆردومان کردووە. ئەم زیندانە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشی تێدایە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، ئەمە سێیەمین هەوڵی ئەو گرووپە چەکدارانەیە لە ماوەی ئەمرۆدا بۆ ئەوەی هەڵبکوتنە سەر زیندانەکە و کۆنترۆڵی بکەن. هەسەدە جەخت دەکاتەوە، هێزەکانیان بەرگرییەکی سەخت دەکەن و تاوەکو ئێستا رێگرییان لە هێرشکاران کردووە بۆ ئەوەی نەگەنە ناو زیندانەکە.
ئەم هێرشانەی سەر زیندانی رەققە لە کاتێکدایە، ئەمرۆ دووشەممە 19-01-2026، بارودۆخی ئەمنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەرەو پشێوییەکی گەورە رۆیشتووە. پێشتر هەسەدە رایگەیاند کە کۆنترۆڵی زیندانی شەدادی لە باشووری حەسەکەی لەدەستداوە و هێزەکانی سەر بە دیمەشقی تۆمەتبار کرد بەوەی دەرگەی زیندانەکەیان بۆ "هەزاران داعش" کردووەتەوە.
ئەم هەڵکشانە ئەمنییە مەترسیدارانە هاوکات بوون لەگەڵ کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە دیمەشق، کە بەپێی سەرچاوەیەک بۆ رووداو بەبێ ئەنجام کۆتایی هات.
سەرەڕای ئەوەی لایەنەکان رۆژی یەکشەممە 18-01-2026 گەیشتنە رێککەوتنێکی 14 بڕگەیی بۆ ئاگربەست و تێکەڵکردنی هێزەکان، بەڵام هێرشە بەردەوامەکانی سوپا عەرەبییەکە بۆ سەر زیندانەکانی داعش و کێوی (کەزوان) لە حەسەکە، گومانێکی زۆری لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە دروست کردووە.
لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی هۆشدارییەکی تووندی دایە دیمەشق و رایگەیاند، ئەگەر پێشڕەوییەکان بەرەو رەققە رانەگیرێن، داوای سەپاندنی سزای "ئێسقانشکێن" دەکات. گراهام داوای لە واشنتن کرد "بە هەر هۆکارێکی پێویست بێت" بەرگری لە زیندانەکانی داعش لە سووریا بکات، چونکە هەڵاتنی ئەو چەکدارانە بە واتای "بەرپابوونی دۆزەخ" دێت لە ناوچەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ