رووداو دیجیتاڵ
راگەیێندراوێک بڵاوبووەتەوە کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازییەوە نووسراوە و تێیدا ئاماژە بە شکاندنی بایکۆت کراوە. بەگوێرەی بەدوادچوونێکی رووداو، لەسەر نێوەڕۆکی بڕیارەکە ناکۆکی هەیە. وانەبێژانیش دەڵێن، پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمشەو دووشەممە 19-02-2024، بەناوی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازی بڵاوکراوەتەوە هاتووە، لەژێر رۆشنایی بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان، "وەک دەرفەتێکی دیکە بە دەسەڵات و نەفەوتانی ساڵێکی خوێندن، بڕیارماندا بە هەڵپەساردنی بایکۆت، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانیش بەگوڕوتینی نوێوە دێینەوە مەیدانەکە".
دانا عەبدول، ئەندامی دەستەکە و نوێنەری مامۆستایانی دامەزراو لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا (کاژێر 20:00ـی شەو) بڕیاری کۆتاییمان نەداوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە کۆبوونەوەکە دەستیکەوتووە، ئەو راگەیێندراوە ئەمشەو نووسراوە و مامۆستایانی ناڕازی ویستوویانە بە فەرمی بڵاوی بکەنەوە، بەڵام پێش بڵاوکردنەوە و کۆدەنگی تەواو لەسەری راگەیێندراوەکە گەیشتووەتە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕەزایی لە کۆبوونەوەکە دەڵێت، "ئێمە نووسراوەکەمان نووسیوە، بەڵام بڕیارمان وابوو رۆژی چوارشەممە و دوای کۆدەنگی لەسەری بڵاوی بکەینەوە، نەک ئەمشەو، چونکە رێکنەکەوتووین لەسەری".
ئەوەی بڵاوکراوەتەوە دەستنووسێک بووە و داواکراوە رێککەوتنی لەسەر بکرێت، دواتر لە گرووپچاتی مامۆستاکاندا بڵاوکراوەتەوە و گەیشتووەتە دەرەوەی گرووپەکە.
مامۆستایانی وانەبێژ: بەهیچ شێوەیەک بایکۆتمان نەشکاندووە
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ کە بەشێکی سەرەکی مامۆستایانن و بایکۆتیان کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە نە لە کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی بەشداریمان کردووە، نە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، بۆیە بەردەوامین لە بایکۆت".
کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت، ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی مامۆستایانی دامەزراو (میلاک)ن و وانەبێژانیان تێدا نییە. گوتیشی، "مامۆستایانی دامەزراو چی بڕیارێک دەدەن بۆ خۆیان دەیدەن نەوەک ئێمە".
ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسی، "لە دیدارم لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایانی ناڕازی بەڕێز، بڕیاری حکومەتی هەرێمم بۆ دووپاتکردنەوە، دوای هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی پلەی مامۆستایانی شایستە بەرز دەکرێتەوە. وانەبێژەکانیش دەکرێنە گرێبەست بەپێی رێکار و یاسا بەرکارەکان و ساڵانی خزمەت".
دوای راگەیێندراوەکەی قوباد تاڵەبانی، دانا عەبدول، نوێنەری مامۆستایانی دامەزراو و ناڕازی لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەڵێنەکان باش بوون؛ هەروەها بەڵێنی پێداین داواکانی دیکەمان وەکو پێدانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان بەگوێرەی قۆناخ بۆ جێبەجێ بکات".
ئەو پێشهاتانە لەکاتێکدان، پێنج مانگ تێپەڕیوە بەسەر دەستپێکردنی خوێندن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەشێک لە قوتابخانەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نەکراونەتەوە.
رۆژی 13ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، زەنگی خوێندنی ساڵی 2023-2024 لێدرا، بەڵام مامۆستایان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە بایکۆتی دەوامیان کرد و بەهۆیەوە دەرگەی قوتابخانەکان لەکاتی خۆیدا نەکرانەوە.
کارۆخ عەبدوڵڵا، "بایکۆت لە سلێمانی کۆتایی هاتووە و دەوام بە تەواوی دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام لە هەڵەبجە و قەزای پشدەر 100% بایکۆت بەردەوامە؛ پەروەردەکانی دیکەش دەوام بە نیوە تێیاندا دەستیپێکردووەتەوە و نیوەی مامۆستایان بەردەوامن لە بایکۆت".
داوای سەرەکیی مامۆستایانی ناڕازیی دوو خاڵە؛ وانەبێژان داوای دامەزراندن دەکەن و دامەزراوانیش داوای پلەبەرزکردنەوە دەکەن.
رۆژی 08-01-2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی راگەیاند و بە گوێرەی ساڵنامەکە، پێویست بوو 9ـی هەمان مانگ وەرزی یەکەمی خوێندن دەستپێبکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەم ساڵ بخایێنێت.
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ خوێندن ئاساییە و وەرزی یەکەمی خوێندن کۆتایی هاتووە و لە وەرزی دووەمی خوێندندان.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ نزیکەی 700 هەزار قوتابی لەو سنوورانە دەخوێنن کە تاوەکو ئەمڕۆ بایکۆت لە بەشێکیاندا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ