رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەمین رۆژی مانگی رەمەزان لە باکووری کوردستان و تورکیا، بازاڕەکانی شاری ئامەد جموجووڵێکی زۆریان تێدایە، بەڵام هاونیشتمانییان لە گرانبوونی بێوێنەی نرخەکان نیگەرانن و دەڵێن، نرخەکان بەراورد بە پار 100٪ بەرزبوونەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 19-02-2026، بازاڕەکانی شاری ئامەد لە باکووری کوردستان قەرەباڵخییەکی زۆریان بەخۆوە بینی؛ رۆژووگران روویان لە کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک پاقلەمەنی، ئارد، رۆن و شەکر کردووە، بەڵام زۆرترین گوشار لەسەر مارکێتەکانی شیرەمەنی و پێداویستییەکانی خوانی بەربانگ و پارشێوە.
پێداویستییەکان گران و بودجەی خەڵک کەم
لە بازاڕەکەدا بەرهەمەکانی وەک پەنیر، زەیتوون، مرەبا، دۆشاو، تەحین و حەلوای تەحین بە هەموو جۆرەکانیانەوە ریزکراون، بەڵام نرخەکانیان بۆ بەشێکی زۆری هاونیشتمانییان گرانە. بەشێک لە کڕیارەکان دەڵێن تەنیا دەتوانن بەشێکی کەم لەو پێداویستییانە بکڕن کە بۆ مانگی رەمەزان پێویستیانە.
حەلوای تەحین: پار کیلۆی بە 150 لیرە بووە، ئەم ساڵ گەیشتووەتە 250 تاوەکو 300 لیرە. تەحین: پار کیلۆی بە 150 لیرە بووە، ئەم ساڵ بووەتە 300 لیرە. پەنیری هۆنراوە: پار لە نێوان 180 بۆ 220 لیرە بووە، ئەم ساڵ گەیشتووەتە 300 بۆ 350 لیرە.
بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ دوو هێندە لە شارێکی وەک ئامەد کە رێژەی هەژاری تێیدا رووی لە زیادبوونە، هاونیشتمانییانی نیگەران کردووە. زۆربەی خێزانەکان خەمی ئەوەیانە چۆن بتوانن پێداویستییەکانی خوانی بەربانگ و پارشێو بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، لە کاتێکدا داهاتیان ناگاتە ئاستی ئەو هەڵاوسانە گەورەیەی رووی لە بازاڕ کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ