رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خەلیفان رایگەیاند، شەش کەسیان دەستگیرکردووە، کە بەبێ ئاگاداری خاوەنەکانیان، لە رێگەی فرۆشتنی سیمکارتەوە ناسنامە و بەڵگەنامەی خەڵکیان دەستکەوتووە و هەژماری بانکییان پێکردوونەتەوە.
راگەیێندراوەکەی ئاسایشی ناحیەی خەلیفان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئادار بڵاوکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئاسایش، تۆمەتبارەکان 17ـی ئادار دەستگیرکراون.
ئاسایشی خەلیفان دەڵێت: "تۆمەتبارەکان لە رێگەی بەخشینی سیمکارتی (زەین) و پێدانی 20 هەزار دینار بە هەر کەسێکی وەرگری سیمکارتەکە، هەستاون بە لەبەرگرتنەوەی کارتی نیشتمانیی و وێنەی کەسیی هاووڵاتییان، لەو رێگەیەوە هەژماری بانکیی نهێنییان دروستکردووە و پارەیەکی زۆریان خستووەتە سەر هەژمارەکان و بەرەو دەرەوەی وڵاتیان بردوون بە مەبەستی کڕینی دۆڵار بە نرخێکی کەمتر لە عێراق و دواتر هێنانەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە ئامانجی فرۆشتنی بە نرخێکی زیاتر".
ئاسایشی خەلیفان ئاماژەی بە ناسنامەی تۆمەتبارەکان نەکردووە و رایگەیاندووە، رەوانەی دادگە کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاسایشی ناوچەکە داوا لە هاونیشتمانیان دەکات: "هۆشیاربن بەرامبەر ئەم جۆرە فێلانە، چونکە لەوانەیە پێدانی کارتی نیشتمانیی و وێنەی خۆیان بۆ چەندین کاری مەترسیدارتر بەکاربهێنرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ