کۆمەڵی دادگەری: هیوادارین هیچ رێگرییەک نەخرێتە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن

19-03-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندان لەو كاتەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە و "هیوادارین هیچ لەمپەر و رێگرییەک نەخرێتە بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەكە".
 
لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان سەرنجی خۆی لەسەر چەند تەوەرێک دەربڕیوە.
 
یەکێک لە بابەتەکان پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کۆمەڵی دادگەری لەوبارەوە جگە لەوەی لەگەڵ بەڕێوەچوونیەتی لەکاتی خۆیدا، دەشڵێت، "هەر جۆرە ئینكارییەک کە وەستان بێ لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیدا، هەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانی زیاتر دەکاتەوە و دوورنییە چوارچێوە دەستووری و یاساییەکەی هەرێم لەدەست بدەین".
 
دوێنێ دووشەممە، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەم جۆرەی ئێستا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەن.
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی راشیگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین".
 
ئەو راگەیێندراوەی پارتی کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی بەدوادا هات. بەشێک لە حیزبە کوردستانییەکان رەتیدەکەنەوە و دەڵێن دەبێ لە مانگی حوزەیران هەڵبژاردن بکرێت و هەندێکی دیکەش هاوڕای پارتین.
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
 
لە راگەیێندراوەکەی کۆمەڵی دادگەری باسی مووچەش کراوە وەکو ئەوەی هاتووە، "حوكمڕانی خراپ و پڕ گەندەڵی و بێباكی دەسەڵاتدارەكانی، كارێكی كردووە كە رۆژ بە رۆژ قەیران و گرفتەكان زیاتر و مەینەتییەكانی خەڵكیش زۆرتر دەبن. زیاتر لە هەفتەیەكە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، پارەی پێویستی بۆ مووچەی فەرمانبەران ناردووە، بەڵام بە بڕیارێكی چاوەڕوان نەکراو لەلایەن حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمەوە دەستی بەسەرداگیراوە، لەكاتێكدا دەتوانێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مووچەی هەموو موچەخۆرانی دابەشبكردایە".
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "دەبوو ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە هەستی بەرپرسیارێتی هەبوایە كە لەم مانگی رەمەزانەدا دەستی بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكدا نەگرتایە كە تاكە سەرچاوەی ژیانیان ئەو مووچەیەیە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.