رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی و موحسین مەندەلاوی کۆبوونەوە و باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 19-03-2024 سەرۆک بارزانی لە سەڵاحەدین پێشوازیی لە موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عێراق کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا "دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی تاوتوێ کران و جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و دەستووری کرایەوە، کە تێیدا مافی سەرجەم پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان زامن بکرێت."
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا باس لە مافە دەستوورییەکانی سەرجەم پێکهاتەکانیش کراوە.
هاوکات نووسینگەی موحسین مەندەلاوی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ تاوتوێ کران، لەنێویاندا شایستە دەستوورییەکان، بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."
بڕیارەکە لە کاتێکدایە رۆژی 18-03-2024 مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا هاتبوو، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتیی مێژوویی، بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "لایەنەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکاتیی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، بە پێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسیدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ