رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە کەشناسان و دەزگاکانی تایبەت بە کەشناسی هۆشداری لە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و لافاو دەدەن، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەپۆلەکە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە دهۆک و لە کۆمەڵگەی دۆمێزیش ئاو چووە نێو ماڵی ژمارەیەک هاونیشتمانی.
بەرگریی شارستانیی دهۆک هۆشداریی بە هاووڵاتییان دا کە 'ئەگەر هیچ کارێکی پێویستتان نەبێت، لە ماڵەوە دەرنەچن."
حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە دۆمێزەوە گوتی ئێرە دەشتاییە و یەکێکە لەو شوێنانەی بەردەوام کە باران دەبارێت، کۆڵان و جادەکانی پڕ ئاو دەبن.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی وەک لە کامێرای رووداو دەردەکەون، لە دۆمێز خەریکی کردنەوەی رێگەکانن بۆ ئەوەی رێگە لە گلبوونەوەی ئاو بگرن.
بە گشتی 10 بۆ 12 ماڵ لە دۆمێز ئاوی لافاویان تێچووە. یەکێک لەو ماڵانە پێشتر هەوڵیان داوە بەربەست دروست بکەن تاوەکو رێگە لە ئاوەکە بگرن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
ژنێک لە ماڵەکەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی ''شەو نوستبووم، کە هەستامەوە بینیم پشت منداڵەکان هەمووی ئاوە، منداڵەکانم بردە دەرەوە بەڵام وەک دەبینن ئەوە حاڵمانە."
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوە کرد پێش دوو ساڵیش بەهەمان شێوە ئاو چووەتە ماڵەکەیەوە، "ئەوکاتە بەڕێوەبەری ناحیە و ئی دیکە هاتن، بەڵام هیچ کەسێک یارمەتیی نەداین."
وەکو ئەو ژنەی دانیشتووی دۆمێز باسی کرد، هۆکاری مانەوەی لەو خانووە بەهۆی کەمیی کرێیە، دەڵێ "ناتوانم کرێی خانووی دیکە بدەم کە بە 200 یان 300 هەزار دینارن، لەبەر هەژاری هاتوومەتە ئێرە."
سەبارەت بە چارەنووسی منداڵەکانیشی، گوتی "سێ منداڵم هەیە و دراوسێکانمان بردوویانەتنە لای خۆیان بۆ ئەوەی پارێزراو بن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ