هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لەنێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لە نەورۆزدا راناگیرێت

19-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە گوتەی بەرپرسانی دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و پەروێزخان، لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا دەروازەکانیان بەڕووی بازرگانی و گەشتیاریدا کراوە دەبن.
 
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئادار لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە رۆژانی سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆزدا جموجووڵی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاری لەنێوان دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و دەروازەی تەمەرچینی ئێران بەردەوام و ئاسایی دەبێت."
 
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر رێککەوتن لەنێوان پارێزگاکانی هەولێر و ورمێدا کراوە کە ساڵانە سێ رۆژ لە دەروازەکاندا پشوو بێت، ئەویش یەکەم رۆژی جەژنەکانی، قوربان، رەمەزان و نەورۆز، بەڵام ئەم ساڵ یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامیی جموجووڵەکە ئەوەیە کە نەورۆز کەوتووەتە مانگی رەمەزانەوە."
 
یەکێکی دیکە لە دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان دەروازەی پەروێزخانە. عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژانی نەورۆزیش دەروازەکەیان بۆ گەشتیاری و بازرگانی کراوە دەبێت و داناخرێت.
 
سێ دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتی لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەن؛ دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەرانیش لە سنووری پارێزگای هەولێر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە