رووداو دیجیتاڵ
غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی خابوور، ئێوارەی ئەمڕۆ پردی شەهاب لە تاخی سەری گوندک رووخا و ئێستا مەترسی هەیە لەسەر تاخی جۆلەکان.
هاونیشتمانییەک بە رووداوی گوت، "لەو گەڕەکە تاوەکو ئێستا ئاو چووەتە نێو 20 ماڵەوە".
بەپێی زانیارییەکان، ئاستی ئاوی خابوور تاوەکو پێنج مەتر بەرزبووەتەوە و داوا لە ماڵەکانی ئەو دەوروبەرە دەکرێت چۆڵی بکەن.
لەلایەکی دیکە، هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، لە بەشێکی ئەو شارە لافاو جارێکی دیکە هەستاوە و ئاو چووەتە نێو چەندین ئۆتۆمبێلەوە.
بەوهۆیەوە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، سبەی لە سەرجەم دامودەزگەکانی پارێزگەکەی پشووی فەرمییە.
ئەو پشووە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگەی دهۆک ناگرێتەوە.
تابان فازیل، گوتەبێژی تەندروستی دهۆک بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ حەوت کەس بەهۆی لافاوەوە رەوانەی نەخۆشخانەی دهۆک کراون و هەموویان تەندروستییان جێگیرە.
ئەمڕۆ لە لافاوەکەی دهۆکدا، دوو کەس ئاو بردنی و گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ