یەکێتیی ئەورووپا لەژێر سێبەری جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ مەترسییەکانی وزە و هەڵوێستی وڵاتان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
دیمەنێکی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەم ساڵی لووتکەی یەکێتیی ئەورووپا.
دیمەنێکی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەم ساڵی لووتکەی یەکێتیی ئەورووپا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکەمین کۆبوونەوەی ئەم ساڵی لووتکەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێو گرژی و ئاڵۆزییەکاندا دەکوڵێت. سەرکردەکانی ئەورووپا بەڕوونی پەیامی ئەوە دەدەن کە نایانەوێت تێوەگلانی راستەوخۆیان لەم شەڕەدا هەبێت، بەڵام لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، بە تووندی بەرۆکی بەرژەوەندییەکانی یەکێتییەکەی گرتووە و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئابوورییەکانیان.
 
کایا کالاس، نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی ئەورووپا دەڵێت، "وەزیرانی دەرەوە پێیانوایە راوێژیان پێ نەکراوە و تەنانەت هەوڵیان داوە لایەنەکان قایل بکەن جەنگ دەست پێ نەکەن، چونکە ئامانجەکانی ئەم جەنگە ناڕوونن. هیچ بنەمایەکی یاسایی نێودەوڵەتی بۆ ئەم جەنگە نییە. بەکارهێنانی هێز تەنیا لە دوو دۆخدایە؛ یان بەرگری لە خۆکردن بێت، یان بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، کە لێرەدا هیچ کام لەمانە لە ئارادا نین. بۆیە وڵاتانی ئەندام هیچ مەیلێکیان بۆ چوونە نێو ئەم ململانێیە نییە".
 
یەکێتیی ئەورووپا بۆ کارپێکردنی کارگە و پیشەسازییەکانی، بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە وزەی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت نەوت و گازەکەیان بەستووە. بەڵام دۆخەکە تەنیا لە سنووردارکردنی تەنگەی هورمز نەوەستا، بەڵکو هێرشەکان گەیشتنە گەورەترین کێڵگەکانی گازی ئێران و قەتەر، ئەمەش شۆکێکی گەورەی لە بازاڕەکانی جیهاندا دروست کرد.
 
ئەندرێ بابیش، سەرۆکوەزیرانی چیک ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم بەیانییە دەتوانن ببینن نرخی گاز یان نەوتی خاو چەندە؛ نرخەکان زۆر بەرزبوونەتەوە. دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کێڵگەی گاز و هێرشەکەی ئێران بۆ سەر قەتەر، ئەمە جارێکی دیکە بووەتەوە کێشە بۆ ئەورووپا. بەڵام ئێستا کێشەیەکی جیهانییە و کاریگەریی لەسەر هەموو وڵاتان هەیە، چونکە دابینکردنی پەین و ئەمۆنیاش پەکیکەوتووە، هەموو شتێک لە بنەڕەتدا وەستاوە".
 
لە کاتێکدا یەکێتیی ئەورووپا پلانی هەبوو وەک سزایەک دژی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، خۆی لە وزەی مۆسکۆ بێ نیاز بکات، کەچی ئێستا دۆخی کەنداو ڕێگەیەکی ڕوونی بۆ سەرکردەکانی ئەورووپا نەهێشتووەتەوە. لە پەراوێزی لوتکەکەدا، ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، "دەرفەتم بۆ رەخسا کە لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەروەها سەرۆکوەزیران سوودانی قسە بکەم. ئێمە لەگەڵ عێراقین، لەگەڵ سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەیداین. ئەوەی داوای دەکەین، شەفافیەتی تەواوە لە شەڕی دژی هەر میلیشیایەک کە خەڵکی فەرەنسا و سەربازانی فەرەنسا دەکاتە ئامانج، چونکە ئەم کەسانە لە واقیعدا بەرژەوەندییەکانی عێراق دەکەنە ئامانج و زیان بە بەرژەوەندیی گەلی عێراق دەگەیەنن. ئێستا، من بەڕاستی بڕوام وایە کە دەبێت عێراق لەم جەنگە بەدوور بێت و سەروەریی خۆی بپارێزێت".
 
نزیکەی 65٪ی وزەی جیهان لە وڵاتانی کەنداوە. ئەگەر پێش شەڕ، نرخی بەرمیلێک نەوت بە کەمتر لە 80 دۆلار دەگەیشتە بازاڕەکانی ئەورووپا، ئێستا وڵاتانی کیشوەرەکە ناچارن بە سەرووی 110 دۆلار بیکڕن.
 
تەنیا وڵاتێکی بچووکی وەک قەتەر، 10٪ی گازی سرووشتی یەکێتیی ئەورووپا دابین دەکات. نیگەرانییە گەورەکەی یەکێتیی ئەورووپا لێرەدا کورت دەبێتەوە؛ ئەگەر شەڕ ڕانەگیرێت و زیاتر پەرە بسێنێت بۆ ناو وڵاتانی کەنداو، ئەوا بارگرانییەکی درێژخایەن بۆ خەڵک و پیشەسازیی ئەورووپا دروست دەبێت، کە رەنگە تا ساڵانێکی زۆر دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەش، شوێنەوارە خراپەکانی بەردەوام بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە