نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو گەنجانەی زمانی کوردی (سۆرانی)ـیان بۆ گووگڵ زیادکرد: پشتیوانتانم

19-05-2022
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەشێک لەوانەی زمانی کوردی (سۆرانی)ـیان بۆ گووگڵ زیادکرد
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەشێک لەوانەی زمانی کوردی (سۆرانی)ـیان بۆ گووگڵ زیادکرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەو گەنجانەی لە ڤیدیۆکەدا دەیانبینن، بۆ هەمان ئامانج ساڵانێک  کاریان کردووە، بەڵام زۆرینەیان یەکەمجار بوو یەکدی ببینن و لەنزیکەوە یەکدی بناسن. ئەوان کە ساڵانێکە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە خۆبەخشانە کۆششی زۆریان کردووە بۆ زیادکردنی زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی لە خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگڵ، لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە. 
 
دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 19-5-2022 سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکردن و رووبەڕوو پیرۆزبایی و دەستخۆشی پێگوتن لە بەرامبەر ئەو کارەی بۆ خەڵک و نیشتمانەکەیان کردوویانە، هەروەها رایسپاردن کە لەمەودوا تیمێک دروستبکەن بۆئەوەی کاری زیاتر بۆ پێشخستنی زمانی کوردی لەم خزمەتگوزارییەی گووگڵدا بکەن و ئەویش بە ماددی و مەعنەوی پشتگیرییان دەکات. 
 
ئارۆ دانا تەمەنی 15 ساڵانە و گەنجترین کەسی ئەو گرووپەیە کە ئەمڕۆ کۆبوونەوە، خەڵکی سلێمانییە، بۆی باسکردم کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند دڵخۆش و سەرسامبووە بە بینینی ئەو لەم تەمەنە بەو توانا زۆر و باشە. 
 
ئارۆ بە خۆبەخشی کاریکردووە، گوتی، قسەم لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کرد، چونکە من گەنجترینی ئەوانەبووم کە لەوێ بووین، "یەکسەر منی ناسییەوە و گوتی 'تۆ لە هەموویان گەنجتری و چۆن بوو هاتوویتەتە ئەو بوارەوە؟' منیش بۆم باسکرد پێنج ساڵە لە بوارەکەدام و توانیم ئەمساڵ ئەو ئەنجامە باشە بەدەستبهێنم، ئەویش زۆری پێخۆش بوو کە گەنجانی وا لە کوردستان هەن."
 
رۆشنا تاکە ئافرەتی نێو گرووپەکە بوو، ئەو ناوی لە ریزی ئەو کەسانەیە کە گووگڵ لە کۆنفرانسی ئەمساڵ بە فەرمی سوپاسی کردبوو، دەڵێت: "بەڕاستی ئەمڕۆ بووە هەلێک تاوەکو هەموومان یەکدی ببینین، چونکە پێشتر تەنیا بە ئۆنلاین قسەمان پێکەوە دەکرد."
 
ئەو کەسانەی رۆژی پێنجشەمممە کۆبوونەوە، ژمارەیان 14 کەس بوو، بەڵام دەڵێن ئەو کوردانەی بۆ زیادکردنی زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی لە وەرگێڕانی گووگڵ کاریان کردووە، ژمارەیان سەدان کەس دەبێت. کەس هەیە ناو و ناونیشانی دەرنەخستووە، هەیشیانە لەنێو کوردستان ناژین.  
 
لە ساڵی 2016 کۆمپانیای گووگڵ زمانی کوردی شێوەزاری (کورمانجی سەرووی) بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانەکەی زیادکردبوو، لە 11 ئەم مانگەش کۆمپانیاکە لە کۆنفرانسێکدا رایگەیاند 24 زمانی دیکەیان بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگڵ زیادکرد و یەکێک لەوانە زمانی کوردی شێوەزاری (سۆرانی) یە. گووگڵ گوتی، نزیکەی هەشت ملیۆن کەس بە زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی قسە دەکەن و زۆربەیان لە عێراقن. 
 
ئێستا کۆی گشتی 133 زمان لەو خزمەتگوزارییەی گووگڵ بەردەستە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە