رووداو دیجیتاڵ
لەنزیک قەزای بازیان بارهەڵگرێک خۆی بە پردێکی پەڕینەوەدا کێشا و بەهۆیەوە پردەکە رووخا؛ قایمقامی بازیان دەڵێت، رێگەی دووسایدی سلێمانی - کەرکووک بە تەواوی داخراوە.
رووداوەکە کاژێر 08:00 بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 19-05-2025 لە قەزای بازیان، نزیک گوندی گۆپاڵە روویداوە و ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی بازیان بە نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "بارهەڵگرێک کە لە سلێمانییەوە بەرەو کەرکووک چووە، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پشتەکەی، خۆی بە پردێکی پەڕینەوەدا کێشاوە و بەهۆیەوە دوو سایدی سلێمانی کەرکووک بە تەواوی داخراوە."
ئێستا بۆ هاتووچۆی نێوان دوو شارەکە رێگەی جێگرەوە بەکاردەهێندرێت. ئیسماعیل ئەحمەد گوتی، رێگەی ''باجگر'' بۆ هاتووچۆی سایدی کەرکووک - سلێمانی دیاریکراوە و بۆ جێگرەوەی سایدی سلێمانی - کەرکووکیش، لەنێو گۆپاڵەدا رێگەمان کردووەتەوە، بەو شێوەیە گرفتی هاتووچۆ چارەسەر کراوە.
قایمقامی بازیان ئەوەشی خستەڕوو، "لە هەوڵداین و لەوانەیە لە دوو کاژێری داهاتوودا بتوانین رێگەکە بە تەواوی بکەینەوە، بۆ ئەوەش پێویستە پردەکە ببڕدرێتەوە یان هەڵبوەشێندرێت."
بەهۆی داخرانی دووسایدەکە، قەرەباڵخییەکی زۆر لەسەر دووسایدەکە دروست بووە و ژمارەیەک بارهەڵگر وەستاون. ئیسماعیل ئەحمەد ئاماژەی دا، "ئەو قەرەباڵخییە هی سەرەتای رووداوەکەیە و ئێستا کێشەی هاتووچۆمان نەماوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ