رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی شاری سنە رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاوی چەندین گەڕەکی شارەکە بۆ ماوەی 11 کاژێر دەبڕدرێت و هۆکارەکەی بۆ گوڕینی بۆرییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی ئاوی شارەکە گەڕاندەوە.
بەپێی راگەیێندراوی بەڕیوەبەرایەتیی ئاوی شاری سنە، "لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی 24 مەتریی حەسەناوا و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە و بەپێی پێویستی جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەمی گۆڕین و گواستنەوەی بۆرییەکانی ئاو، رۆژی دووشەممە ئاوی ژەمارەیەک لە گەڕەکانی شارەکە دەبڕدرێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئاوی بەشێک لە گەڕەکی ویلاشەهر کە شوقەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆی گوندەکان لەخۆدەگرێت، هەروەها ئاوی گەڕەکەکانی 22ی گوڵان، ئەرخەوان، ئەرتەش، سێرێیانی وەن و قوتابخانەی دانشمەندی بەهاران، بەشێک لە گەڕەکی زاگرۆس، شوقەکانی ئەمانییە، ئاواڵان، فڕۆکەخانە، 202 یەکە، فەراز، گەرەکی سینا و دەوروبەری بنکەی پۆلیسی حەسەن ئاوا دەبڕدرێت."
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، ئاوی ئەو گەڕەکانە ئەمڕۆ لە کاژێر 9ی بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 8ی شەو دەبڕدرێت.
شاری سنە، ناوەندی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 550 هەزار کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ