وەزارەتی کشتوکاڵ: لە دوو مانگدا زیاتر لە 800 هەزار ئاژەڵ شۆردراون

19-05-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، لە نزیکەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 800 هەزار ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان بە دەرمانی گەنبڕ شۆردراون و رۆژانە 110 تیمی وەزارەتەکە دەردەچن.
 
رۆژی دووشەممە، 19ی ئایاری 2025، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێکارەکانمان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون بەردەوامن، دواین حاڵەت لە شیلادزێ تۆمارکرا، پێش دوو هەفتە تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی نوێ تۆمارنەکراوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری گوتی، "رۆژانە 110 تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ دەردەچن و ئاژەڵ بە گەنبڕ دەشۆن و دەرزییان لێدەدەن.
 
ساڵی 2024، یەک ملیۆن و 800 هەزار ئاژەڵ لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ شۆردرابوون. لەبارەی ئەم ساڵەوە رابەر محەممەد گوتی، "لە کەمتر لە دوو مانگدا توانیومانە 858 هەزار و 310 ئاژەڵ بشۆین و زیاتر لە 100 ئاژەڵیش چارەسەرکراون."
 
بە گوتەی رابەر محەممەد، هەموو هاتووچۆیەکی بازرگانیکردن بە ئاژەڵ لەنێوان هەولێر و کۆیە و پارێزگاکان وەستاوە بۆ ماوەی 21 رۆژ.
 
2ی ئایاری 2025، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان یەکەم تووشبووی بە تای خوێنبەربوون راگەیاند، کە خەڵکی قەزای کۆیەیە لە پارێزگای هەولێر.
 
تەندروستیی سنوورەکە گوتی، تووشبووەکە ئاژەڵفرۆشە و تەمەنی 42 ساڵە.
 
10ی ئایاری 2025، تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە دهۆک گیانی لەدەستدا و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان گوتی، ژنێکی 45 ساڵ بووە و خەڵکی شیلادزێیە لە قەزای ئامێدی.
 
ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا لە سنووری کەرکووک (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان) پێنج کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە.
 
ساڵی 2023، لە هەرێمی کوردستان 9 کەس بە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستدا، بەڵام پار هیچ کەسێک بەهۆی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستنەداوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.