کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان لە بیابانەکانی نەجەفەوە داوای گەڕاندنەوەی رووفاتی ئازیزانیان دەکەن

19-05-2025
هونەر حەمید
.
.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان، بە دڵێکی پڕ لە حەسرەت و چاوەڕوانییەوە، گەیشتنە بیابانی حەیدەرییە لە پارێزگای نەجەف، ئەو شوێنەی کە گومان دەکرێت گۆڕی بەکۆمەڵی ئازیزانیانی لێبێت. ئەوان داوای سەرەکییان هەڵدانەوەی گۆڕەکان و هێنانەوەی روفاتی کەسوکارەکانیانە بۆ زێدی خۆیان.
 
حەسەن ئەحمەد یەکێک لە تاقانەکانی ئەنفال بە دەنگێکی پڕ لە ئازارەوە بە رووداوی راگەیاند: "کە مردین، وەکو سەبوورییەک ئەم خۆڵە بکەن بە سەرماندا. ئەوەندە قەناعەتم هەیە بەم خۆڵە، کە مردین خوای گەورە لەبەر بێتاوانیی شەهیدەکانمان لێمان خۆش دەبێت."
 
هەروەها، حەسەن ئەحمەد ،کە ئەویش تاقانەی ئەنفالە، جەختی لەسەر پاراستنی ئەو ناوچانە کردەوە و گوتی: "دڵم بۆ ئەوە پڕە، ئەم جێگایە، ئەم ناوچەیە، دەبێت بپارێزرێت بۆ ئەوەی بۆ مێژوو بمێنێتەوە کە ئەمە گۆڕی ئەنفال بووە و خەڵک بێتە سەری."
 
لە ساڵی 2008، هەندێک ئەو گۆڕانە هەڵدراونەتەوە. محەممەد کازم، یەکێک لە شایەتحاڵانی ئەو کاتە، بۆ رووداو باسی ساتەوەختی دۆزینەوەی روفاتەکانی کرد: "لە پێش ڕووخانی سەدام [حوسێن] هەواڵیان پێداین. لەدوای رووخانی سەدام چاڵیان کرد، دەریان هێنان. هەموویان جلی کوردییان لەبەر بوو، تەنانەت جنسییەکانیشیان پێبوو."
 
دواتر کەسوکاری ئەنفالکراوان سەردانی مەزارگەی ئیمام عەلییان کرد. ئەحمەد حەسەن، یەکێکی دیکە لە کەسوکاری قوربانیان، لەپاڵ نزاکردن بۆ گیانی ئازیزانی، هیواخواز بوو روفاتی دایک و دوو برا و دوو خوشکەکەی بدۆزرێتەوە و بگەڕێندرێتەوە بۆ گەرمیان.
 
ئەحمەد حەسەن بە رووداوی گوت: "داواکاریمان ئەوەیە حکومەت گۆڕەکانمان بۆ هەڵبداتەوە و بۆمان بگەڕێننەوە. داواکاریمان ئەوەیە پشکنینی DNA کارا بکرێت و کەسەکانمان بۆ بناسرێنەوە."
 
لە هەوڵێکی دیکەدا بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان، شاندێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لەناو باڵەخانەی پارێزگای نەجەف لەگەڵ جێگری پارێزگار کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا داوایان کرد هاوکارییان بکرێت بۆ دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕەکان و گواستنەوەی روفاتەکان بۆ هەرێمی کوردستان.
 
کەرار مەحبووبە، جێگری پارێزگاری نەجەف، لە وەڵامی داواکارییەکەدا ئاماژەی بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان پێکهاتەکانی عێراق کرد و گوتی: "خوێنی کورد و خوێنی عەرەب تێکەڵن. لەگەڵ نەجەف تێکەڵن. لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور هاتوچۆی یەک دەکەین. دەگەڕێین بەدوای سەرچاوەیەکدا بۆ ئەوەی هاوبەشی بکەین."
 
رژێمی پێشووی عێراق لە هەشت قۆناغی جیاوازدا، 182 هەزار کوردی ئەنفال کرد. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر پرۆسەی ئازادیی عێراقدا، تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراقی نوێ تەنیا ڕوفاتی نزیکەی 2000 ئەنفالکراویان گەڕاندووەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەش لەکاتێکدایە کە چارەنووسی دەیان هەزار کەسی دیکە هێشتا نادیارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".