رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی رێکخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 800 ئێزدی لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی تەحریر شامدا ماون لە ئیدلب." هەروەها "زیاتر لە 5 هەزار کورد لە عەفرین، سەرێکانی و دێرەزوور زیندانیکراون."
ئاراس جەلال، گوتەبێژی رێکخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، میوانی بووڵتەنی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان لە تۆڕی میدیایی رووداو بوو، باسی لە چارەنووسی هەزاران کوردی ئێزدی و هاونیشتمانیی دیکەی رۆژئاوای کوردستان کرد.
ئاراس جەلال گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ 2 هەزار و 150 کورد چارەنووسیان نادیارە، کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیرکرابوون".
گوتەبێژی رێکخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوانەشی لەسەر دەستی سوپای نیشتمانیی سووریا دەستگیرکراون، 5 هەزار و 400 هاووڵاتیی سڤیلی کوردن، لەنێویاندا 275 ژن و 250 منداڵ هەن".
ئاراس جەلال گوتی، ئەوانەی لەلایەن داعشەوە بێسەروشوێن کراون زۆرینەیان لە حەلەب، کۆبانێ و رەقە دەستگیرکرابوون، ئەوانەشی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی دیکەوە دەستگیرکراون، لە عەفرین سەرێکانی و گرێ سپی بووە.
"800 کوردی ئێزدی لە ئیدلبن"
گوتەبێژی رێکخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی ئاماژەی بە چارەنووسی کوردانی ئێزدی کرد و گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە دوو هەزار ئێزدی بێسەروشوێنن، زۆرینەیان لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە لە ساڵانەی 2017 بۆ 2019 دەستگیرکراون و ئێستاش لە ئیدلیبن لە سووریا".
ئاراس جەلال کە لە بەیرووتی پایتەختی لووبنانەوە قسەی بۆ رووداو دەکرد گوتی: "دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، زیندانییەکان ئازاد کران، بەڵام زیندان و زیندانیانی ژێردەسەڵاتی تەحریر شام (هەتەشە) وەکو خۆیان مانەوە و بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێمە زیاتر لە 800 ئێزدییان تێدایە لە ئیدلب".
بە گوتەی گوتەبێژی رێکخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، هەرچەند ئێستا سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی پێشووی هەتەشەیە، بەڵام "ئیدلب هیچ گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردنیدا رووینەداوە و هەمان سیستم و گرووپی چەکداریی هەتەشە بەڕێوەی دەبەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ