رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق دەڵێت، هەر خێزانێک 25 هەزار دینار بدات، راستەوخۆ کاروباری کارتی نیشتمانی بۆ تەواو دەکرێت و ناخرێتە نۆرەی ئەلیکترۆنییەوە. بڕیارەکە هێشتا نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق رایگەیاند، مەرج بۆ هەڵاوێر لە نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانی دانی 25 هەزار دینارە، ئەو بڕە پارەیەش تەنیا یەک کەس ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو تاکەکانی خێزان دەگرێتەوە، جا ژمارەیان هەرچەند بێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاندووە، لەبەرئەوەی پێشتر هەڵاوێر کرابوون لە نۆرەگرتن، بۆیە بڕیارەکە ئەم کەسانە ناگرێتەوە:
- بەساڵاچووانی سەروو 65 ساڵ.
- حاڵەتە مرۆییەکان، لەوانەش کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی هێزە ئەمنییەکان.
- حاڵەتە فریاگوزارییەکان.
- بەڵگەنامەی لەدایکبوون.
بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق روونیشی کردووەتەوە، "ئەم رێکارە هەڵبژاردنێکی خۆویستانەیە و هاووڵاتییان پابەند ناکرێن، بەو پێیەی هێشتا نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بەخۆڕایی بۆ هەمووان بەردەستە."
بڕیارەکە دوێنێ یەکشەممە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە. بەرپرسێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ هیچ نووسراوێکمان بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارە بەدەست نەگەیشتووە."
کارتی نیشتمانی، بەڵگەنامەی یاسایی ناساندنی کەسی هەڵگرە و دەدرێتە هاووڵاتیی عێراقی. ئەو دۆکیۆمێنتە جێگرەوەی ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ