دەرباز کۆسرەت: تائێستا نەچووینەتە نێو وردەکاریی دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتەوە

19-05-2025
پەیمان محەممەد
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی دەڵێت، گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەردەوامن؛ بەڵام تائێستا باسی وردەکاریی دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتیان نەکردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 19-05-2025، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەراوێزی کۆڕبەندی دێڵفیی سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان گفتوگۆکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت بەردەوامە.
 
دەرباز کۆسرەت گوتی، ''وەکو یەکێتی جەخت لەوە دەکەینەوە بە زووترین کات حکومەتێکی یەکگرتووی بەهێز و سەرانسەری لە هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت، بە شێوەیەک کە سەرجەم ئەو لایەنانەی بەشدارن لە حکومەتدا، خۆیان بە هاوبەشی راستەقینە بزانن.''
 
دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کە براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانن، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، رۆژی 28ـی نیسانی 2025 لە قەزای دووکان لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ پارتی گوتی: ''دوێنێ ئەم بابەتەمان لەگەڵ کاک هۆشیار زێباری (سەرپەرشتی شاندی دانوستاندنی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت) گەنگەشە کردووە و پەیوەندییەکان بەردەوامن.''
 
بە گوتەی دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، تائێستا وردەکاریی دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەت لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ پارتی نەخراوەتە بەرباس، گوتیشی: ''هیچ پۆستێک یەکلایی نەکراوەتەوە.''
 
لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی دۆخی ناوچەکە روو لە ئاراستەی گۆڕانکاریی گەورەدا دەبینێت کە ''دەکرێت لێکدانەوەی دەرفەت یان مەترسییان بۆ بکرێت، بۆیە پێویستە مەترسییەکانمان لەبەرچاو بێت و بە زووترین کات حکومەت پێکبهێنین.''
 
''یەک لیستی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە زەرەری کوردە''
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرپەرشتیارانی بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی دیاریکردووە و سەرپەرشتیی بازنەی هەولێر بە هیچ کامە لە کوڕەکانی کۆسرەت رەسووڵ کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتەکەن، نەسپێردراوە.  
 
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ گوتی: ''بە پێویستمان زانی تۆزێک گۆڕانکاری بکەین لە هەڤاڵەکانماندا، من هاوکاری هەڤاڵان دەبم، لەوانەیە بۆ ئەم قۆناخە ئەرکێکی دیکەم پێ بسپێردرێت.''
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە 11ى تشرینى دووەمى 2025 بەڕێوەبچێت، هەندێک لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان باس لە ئەگەری پێکهێنانی یەک لیستی دەکەن. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، ''ئەمە گەنگەشەی زۆر هەڵدەگرێت، چونکە یاسای هەڵبژاردنی ئەم جارە کە لە پەرلەمان پەیڕەو کراوە، یاسایەکی زۆر تەکنیکییە.''
 
دەرباز کۆسرەت باس لەوە دەکات، بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەوانەیە یەک لیستی بە زەرەری کورد تەواو بێت، ''سەیری برا عەرەب و تورکمانەکانمان بکەن، ئەوان بە چەند لیستێک بەشدار دەبن، جاری وا هەیە ئەگەر بە لیستێکی گەورەی کوردستانی بەشدار بیت، وەکو کورد زەرەر بکەیت.''
 
بۆ هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمان، عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کراوەتە 18 بازنەی هەڵبژاردن.
 
دەرباز کۆسرەت لە وەڵامی پرسیارێکی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و پڕۆسەی ئاشتی گوتی، ''ئێمە بڕوامان بەوە هەیە کە بتوانین پرسی کورد بەتایبەتی لە تورکیا لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت.''
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتیشی، ''ئەگەر کورد هەست بەوە بکات لە رێگەی ئاشتییەوە مافی دەدرێت، هەموو لایەکمان پشتیوانی دەکەین، چونکە شەڕ و ماڵوێرانی لە خزمەتی هیچ کەسێکدا نییە، مێژوو ئەوەی سەلماندووە.''
 
12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەکەی 12ـی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە