بەربەست بۆ گەنمی هەندێک ناوچەی کوردستانی دروست بووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ پرسی وەرگرتنی بەرهەمى گەنمی ئەم ساڵ کۆدەبێتەوە؛ کێشە بۆ گواستنەوەی گەنمی هەندێک لەو ناوچە کوردستانییانە دروست بووە، کە لەژێر دەسەڵاتی ئەمنیی هەرێمی کوردستاندان.

کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 19ی ئایاری 2026 بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پەیوەندیداری ئەمنی دەکرێت.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لەو کێشانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێت، وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردە  لەو ناوچە کوردستانییانەی کە لەژێر دەسەڵاتی ئەمنیی هەرێمی کوردستاندان، کە رێگەیان پێنادرێت ببرێن بۆ سایلۆکانی ناو شاری مووسڵ و دەبێت بگوازرێنەوە بۆ سایلۆکانی دیکە، لەوانە شێخان ئەوەش "تێچووی زۆر دەبێت و قەرەباڵخی دروست دەکات".
 
پشکی پارێزگای نەینەوا لە زەویی چێنراو بە گەنم بۆ ئەم ساڵ، لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵیی زیاتر لە 600 هەزار دۆنمە.
 
محەممەد کاکەیی رایگەیاند: بڕیاردراوە ئەو گەنمەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییە بە نرخێکی کەمتر وەربگیرێت کە 500 هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێک.
 
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەی کە لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵیی دەچێنرێت، هەر تۆنێکی بە 700 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت.
 
تێکڕای زەویی چێنراو بە گەنم لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵیی، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 4.5 ملیۆن تۆنە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە