قایمقامی سەقز: هێرش نەکراوەتە سەر کانی زێڕ

33 خولەک له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەنگۆی هێرشی "تیرۆریستی" بۆ سەر کانێکی زێڕ لە سنووری شارەکەی رەتدەکاتەوە و دەڵێت، پێدەچێت هێرشەکە بۆ وەرگرتنی "سەرانە" بووبێت؛ ئەوەش لەکاتێکدایە میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران پژاک بە کردنی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، زیائەدین نەعمانی، قایمقامی شاری سەقز رایگەیاند: "بانگەشەی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر کانی زێڕی گوندی مێرگە نەخشینە دوورە لە راستییەوە."
 
قایمقامی سەقز ئاماژەی بەوە کرد کە پاریش رووداوی هاوشێوە لەو ناوچەیە تۆمارکراون و گوتی: "پێدەچێت هێرشەکە بۆ وەرگرتنی باج و سەرانە بووبێت."هەروەها رایگەیاند هێزەکانی  پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و دواتر ئەنجامەکان بۆ رای گشتی رادەگەیێنن.
 
ئاژانسی هەواڵی (فارس)ی ئێرانی، کە میدیایەکی نزیک لە سوپای پاسدارانە، بڵاویکردەوە کە کاژێر 1:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزێکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە سێ ئۆتۆمبێل هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کانە لە سنووری پارێزگای سنە.
 
بەگوێرەی راپۆرتی (فارس نیوز)، هێرشبەرەکان "دەست و پێی دوو پاسەوانی کانەکەیان بەستووەتەوە و ئامێرە تەلەفۆنییەکانیان لێ سەندوون، دواتر دەستیان کردووە بە سووتاندنی کەرەستەکان."
 
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو هێرشەدا بیڵدۆزەرێک، شۆفڵێک، مۆلیدەیەکی کارەبا و چوار کابینەی پلاستیکی سووتێنراون.
 
میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئامانجی هێرشەکە "وەرگرتنی باج بووە لە رێگەی بارمتەگرتنی پاسەوانەکانەوە"؛ هەروەها گرووپە کوردییەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی کە "دەیانەوێت رێگری لە گەشەسەندنی ئابووری و دەرفەتی کار لە ناوچە سنوورییەکان بکەن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە