رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ لە بەنداو و گۆمە دەستکردەکان زیاتر لە 9 ملیار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جگە لە دوو بەنداو، کە بەنداوەکانی دووکان لە پارێزگای سلێمانی و گۆمەسپان لە هەولێرن، تەواوی بەنداو و پۆندەکانی هەرێمی کوردستان سەرڕێژ بوون".
بە گوێرەی ئاماری فەرمی حکومەت لە هەرێمی کوردستان 25 بەنداو و 178 پۆند (گۆمی دەستکرد) هەن و ساڵانە ئاویان تێدا گلدەدرێتەوە.
لەنێو ئەو بەنداوانەی سەرڕێژ بوون دوو لە بەنداوە گەورەکان هەن، بەنداوی دەربەندیخان کە سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدا گلدراوەتەوە و بەنداوی دهۆک کە زیاتر لە 50 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گلدراوەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان گوتی: "بەنداوی دووکان بۆ پڕبوون و سەرڕێژکردن تەنیا یەک مەتر و 15 سانتیمەتری ماوە؛ کۆی ئاوی گلدراوەش لە سەرجەمیان زیاترە لە 9 ملیار مەتر سێجا".
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، 11 بەنداو و 58 گۆمی دەستکردی دیکە لە قۆناخی جێبەجێکردندان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ