رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە پێنج مانگ بێمووچەیی و سێ رۆژ بایکۆتی کارکردن، کارگوزارانی نەخۆشخانەکانی گەرمیان دوو مووچەیان وەرگرت و بایکۆتیان شکاند.
ئەوان ئێستا گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان، بەڵام هێشتا نیگەرانن لەوەی کێشەکەیان بە تەواوی چارەسەر نەکراوە و چارەنووسی دوو مووچەکەی دیکەیان نادیارە. تەندروستیی گەرمیانیش دەڵێت، "کێشەکە دووبارە دەبێتەوە".
عەزیز عوسمان، نوێنەری کارگوزارانی گەرمیان، لە بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "ئەمڕۆ دوو مووچەمان وەرگرت و بایکۆتمان شکاند. لە ئێستاوە دەست بە کار دەکەینەوە و بەڵێنمان پێدراوە تاوەکو پێش جەژن دوو مووچەکەی دیکەشمان پێبدرێت."
دواکەوتنی مووچە ژیانی 130 کارگوزاری لە گەرمیان پەکخستبوو. محەممەد غەفوور، یەکێک لە کارگوزارەکان کە لە کەلار دەژی، لە بەرپرسیار، گوتی: "مووچەکەم 350 هەزار دینارە. بژێویمان زۆر خراپە. ئەو چەند مانگەی مووچەمان وەرنەگرت، ناچاربووم دوای دەوام بچمە بازاڕ و کرێکاری بکەم بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەکەم دابین بکەم."
کێشەی کارگوزاران کاتێک دەستیپێکرد کە ئەو کۆمپانیایەی کاری پاککردنەوەی نەخۆشخانەکانی لە ئەستۆ بوو، گرێبەستەکەی نوێ نەکردەوە. سامان حاجی ئەمین، بەڕێوەبەری گرێبەستە گشتییەکانی تەندروستیی گەرمیان، هۆکارەکەی لە (بەرپرسیار) بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "وەزارەتی تەندروستی پارەیەکی زۆر کەمی بۆ تەندەرەکە داناوە و هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نییە بەو نرخە وەریبگرێت."
بە گوتەی سامان حاجی ئەمین، وەزارەت 60 ملیۆن دیناری بۆ مووچە و پێداویستیی پاککەرەوە داناوە، لە کاتێکدا کۆمپانیاکان داوای 90 ملیۆن دینار دەکەن.
بۆ چارەسەرێکی کاتی، نووسینگەی قوباد تاڵەبانی پارەی دوو مانگی مووچەی کارگوزارانی دابینکردووە. عەدنان محەممەد، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاران، دەڵێت: "ئەمڕۆ دوو مووچە بۆ کارگوزاران خەرج دەکرێت و هەوڵدەدەین پێش جەژن دوو مووچەکەی دیکەش بدرێت."
بەڵام عەدنان محەممەد نیگەرانە لەوەی ئەمە تەنیا "چارەسەرێکی ئازارشکێن" بێت و داوای چارەسەری ریشەیی لە وەزارەتەکانی تەندروستی و دارایی دەکات. ئەو دەشڵێت: "بەپێی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران، دەبێت مووچەی کارگوزاران 450 هەزار دینار بێت، نەک کەمتر."
سەرەڕای وەرگرتنی دوو مووچە و شکاندنی بایکۆت، کارگوزاران هێشتا دڵنیا نین لە داهاتوویان و داوا دەکەن کێشەکەیان بۆ هەمیشە چارەسەر بکرێت، نەک دوای شەش مانگی دیکە هەمان کێشە دووبارە ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ