دڵشاد شەهاب لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ رۆما: پارێزگاریکردنە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان

7 خولەک له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ڤاتیکان و ئیتاڵیا جەختکردنەوەیە لەسەر پەیامی پێکەوەژیان و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان. باسی لەوەش کرد، کە ئیتاڵیا لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان باسی لە ناوەڕۆکی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی کرد و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ڤاتیکان لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، سەرنج خرایە سەر پرسی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.
 
گوتیشی: "جەنابی سەرۆکی هەرێم دووبارەی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی فەراهەمکردنی ژیانێکی باش و دڵنیاییدان بە کریستیانەکانی کوردستان، کە ئەمە لای پاپای ڤاتیکان بایەخێکی زۆری هەیه."
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لە هەەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە نەبێتە لایەن لە شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا و نەبووە، بەڵام لەلایەن زۆر لایەن و بەتایبەتی "گرووپە لەیاسا دەرچووەکانەوە" بە ناحەق کراوەتە ئامانج و زەرەری گەورەی پێگەیشتووە.
 
لەبارەی دیداری نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، دڵشاد شەهاب رایگەیاند کە ئیتاڵیا وەک وڵاتێکی کاریگەر لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی رێکخستنەوە و یەکخستنی هێزەکان. باسی لەوە کرد کە پشتگیریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و نیگەرانیی خۆیان لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
 
دڵشاد شەهاب لە وەڵامی پرسیاری رووداودا سەبارەت بە رۆڵی ئیتاڵیا گوتی: "ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەوەی هەستمان پێکردووە پشتگیریی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستانە."
 
لەبارەی دیدارەکانی دیکە دەڵێت، کە بەیانی دیدارەکان بەردەوام دەبن و کاک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسەکان.
 
دوێنێ یەکشەممە، د. نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "سبەی دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڤاتیکان دەبێت و لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم کۆدەبێتەوە."
 
هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڤاتیکان و ئیتاڵیا هەیە.
 
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان بۆ یه‌كه‌مجار له‌ 13ی ئاداری 2013 له‌ ڤاتیكان پێشوازیی له‌ سه‌رۆك مەسعود بارزانی كرد، بۆ دووەم جاریش هەر لە ڤاتیکان پاپا فرانسیس و سەرۆک بارزانی لە رۆژی 30ی ئایاری 2014 کۆبوونەوە.
 
02ـی ئاداری 2015 نێچیرڤان بارزانی، بۆ یەکەم جار سەردانی پاپا فرانسیسی کرد پاپای پێشووی ڤاتیکان، دووەمین دیداری نێچیرڤان بارزانی و پاپا فرانسیس لە رۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2018 لە ڤاتیکان بەڕێوەچوو.
 
19ـی شوباتی 2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، پاپا فرانسیس پاپای ئەو کاتی ڤاتیکان لە ڤاتیکان کۆبووەوە.
 
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان رۆژی 7ی ئاداری 2021، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە