رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی پلوورە لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، بۆئەوەی منداڵانی دێرسم لە سرووشت دانەبڕێن، لە چوارچێوەی پڕۆژەی 'بێستانی منداڵان'دا، تەماتە، باینجان، بیبەر و فراولە دەچێنن.
دلدا ئاکبیک، قوتابی دەڵێت، "ئێمە لە بێستانەکەدا بیبەر و تەماتەمان چاند. دواتر فراولەش دەچێنین. پێش هەموو شتێک زۆر خۆشە، دەستمان دەخەینە نێو خاکەوە."
ئەم پڕۆژەیە لەلایەن گرووپێکی تایبەت بە بایەخدان بە چالاکیی سرووشتیی منداڵانەوە رێکخراوە. ئەوان دەڵێن، هەرچەندە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا لە جیهاندا سوودی بۆ مرۆڤ زۆرە، بەڵام منداڵانیش گۆشەگیر دەکات؛ هەربۆیە دەیانەوێت لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە سرووشت باشتر بە منداڵان بناسێنن و فێری بەرهەمهێنانیان بکەن.
سەڤتاپ کوتڵو، هاونیشتمانی ئاماژە بەوە دەکات، "یەکەمجارە کارێكی لەو جۆرە دەکرێت. ویستمان لەگەڵ منداڵان بەشداری بکەین و زۆریش باش بوو. هەموومان لێرە کۆبووینەوە. منداڵان خۆشحاڵ بوون، زۆر باش بوو کە دەستیان خستە نێو خاک."
پڕۆژەی 'بێستانی منداڵان' لە زەوییەکی دوو دۆنمیدا جێبەجێ دەکرێت؛ 20 منداڵیش کە تەمەنیان لەنێوان 5 بۆ 16 ساڵدایە لەگەڵ خێزانەکانیان بەشدارییان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ