عێراق و تورکیا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەگەیشتنە رێککەوتن

19-06-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا عێراق و تورکیا لە چەند رووێکەوە کێشەیان لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەبووە و نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (تۆڕی میدیایی رووداو) کەوتوون لەنێو کۆبوونەوەکەدا کە نوێنەری هەرێمی کوردستانیش بەشدار بووە، شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزەی تورکیا  لەسەر چەند بابەتێک ناکۆک بوونە، لەوانە، بابەتی بۆریی نەوت یەکێک بووە لە کێشەکان، عێراق جەختی لەوەکردووەتەوە لەوکاتەوەی هەناردەکردنی نەوت راگیراوە ئامادەنییە پارەی کرێی بۆریی نەوتی نێو خاکی تورکیا تاوەکو بەندەری جەیهان بدات کە بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەکان پێویستە کرێی بۆری بدات، بەڵام عێراق دەڵێت لەبەر ئەوەی هەناردەکردنی نەوت بە بڕیارێک راگیراوە، ئەوا کرێکەی نادات، هەرکاتێک هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئەوا ئامادەیە کرێی ئەو بۆرییە بدات. 
 
بابەتێکی دیکە ئەو پارەیەی دادگەی نێوبژیوانیی پاریسە کە بەسەر تورکیای سەپاندووە و ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلارە، چۆن بدرێتەوە. هەروەها سکاڵاکەی دادگەی پاریس، تورکیا داوایکردووە سکاڵاکە هەڵبگیرێت، تورکیا پارەکەی بۆ بکرێتە قیست، بەڵام حکومەتی عێراق رایگەیاندووە سەرەتا وەک نیازپاکی رێگە بدات هەناردنی نەوت دەستپێبکاتەوە دواتر باسی دادگە و پارەکە دەکەن.
 
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کە روماڵی کۆبوونەوەکەی کرد رایگەیاند،  شاندەکەی وەزارەتی وزەی تورکیا لە کۆبوونەوکەدا رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە رووی تەکنیکییەوە تەواوی بابەتەکەیان یەکلاکردووەتەوە، تەنیا بابەتی سیاسی ماوە. ئەوەی ماوەتەوە هەردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق و تورکیا بابەتەکە یەکلابکەنەوە.
 
هەروەها بەرپرسێکی نزیک لە کۆبوونەوەکان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە: "ئێمە لەبارەی هەموو لایەنە تەکنیکییەکان تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتەکە، گفتوگۆ دەکەین؛ ئەمڕۆ بڕیاری هەناردەکردنی نەوتەکە نادرێت و پێشبینی کۆبوونەوەی زیاتر دەکەین." 
 
بەرپرسێكی دیکەی ئاگادار لە گفتوگۆکان ئاماژەی بەوە کردووە، "دەرکردنی بڕیار بۆ هەناردەکردنی نەوتەکە پێویستی بە گفتوگۆی سیاسیی ئاستبەرزە، ئەو بابەتانەی کە رێگری لە هەناردەکردنەوەی نەوتەکە دەکەن، زیاتر سیاسین تاوەکو تەکنیکی."
 
پێشتریش سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە (رووداو)ی گوتبوو لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هەموو بابەتەکان یەکلاناکرێنەوە و بڕیار لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نادرێت. 
 
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کە سەرەتای هەفتەی رابردوو پەسندکرا، پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات تاوەکو لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکرێت، ئەگەر نەتوانرا هەناردە بکرێت بۆ پێداویستیی نێوخۆیی بەکاردەهێنرێت.  
  
رۆژی 25ـی ئاداری 2023 هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دوای بڕیارێکی دوو رۆژ پێشی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، راگیرا. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند، بەو بڕیارە پابەند دەبێت. تائێستاش هەناردەکردن دەستی پێنەکردووەتەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.