رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی رایگەیاند، بەرزکردنەوەی نرخی خۆراک و کەلوپەل بە بیانووی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، حەرامە و کارێکی نادروستە.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پشێوی لەنێو بازاڕدا دروستبووە، کە گوایە خۆراک و کەلوپەل لە دەروازەکانەوە هاوردە ناکرێن و گرانی دروستدەبێت، ئەمە هێشتا هیچ بنەمایەکی نییە. دووکانداران و بازرگانانیش ئەو دەرفەتەیان قۆستووەتەوە و نرخی خۆراک و کەلوپەلەکانیان گران کردووە."
بە گوتەی عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، ئەم کارانەی بازرگانان و دووکانداران دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و دوودڵی لەنێو هاووڵاتییان. باسی لەوەش کرد: "زیادکردنی نرخی خۆراک و کەلوپەل لە دۆخێکی وەکو ئێستا بە تەواوی حەرامە و کارێکی نادروستە."
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی دەڵێت: "لە حاڵەتێکدا ئەگەر دەروازەکان داخران و جەنگەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوو، بەگشتی نرخی بازاڕ گۆڕانکاری بەسەردا هات و بابەتەکە لە دەستی ئەوان نەبوو، ئەوکاتە کێشە نییە، بەڵام بۆ ئێستا حەرامە."
16ـی حوزەیرانی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا سنوورەکان دانەخراون، ئەمڕۆ سەردانی بەشێکی زۆری کۆگاکانی هەولێرمان کردووە، هیچ مەترسییەک نییە، ئەگەر دەروازەکانیش دابخرێن، تاوەکو ساڵی داهاتووش خۆراک هەیە."
شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانیی رۆژی 13ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ