زیاتر لە5 مانگە هێشتا دروستکردنی سایلۆکەی کەرکووک دەستی پێنەکردووە

19-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 5 مانگە گرێبەستی دروستکردنی 5 سایلۆ لە عێراق واژۆ کراوە، یەکێکیان لە کەرکووکە، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، بەهۆی نەبوونی پارەوە هێشتا دەست بە دروستکردنی سایلۆکەی کەرکووک نەکراوە. 
 
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە کۆتایی ساڵی 2014 گرێبەستی دروستکردنی 5 سایلۆی هاوچەرخی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای بوهلەر-ی سویسری و سامکۆ-ی میسری واژۆ کرد. توانای کۆگاکردنی هەر یەکێکیان 60 هەزار تۆنە. یەکێک لەو سایلۆیانە لە پارێزگای کەرکووکە.
 
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سایلۆکەی کەرکووک لە قەزای دووبز دروست دەکرێت، شوێنەکەشی تەرخان کراوە.
 
سایلۆکانی دیکە لە ئەنبار، واست، نەجەف و موسەننا دروست دەکرێن. بە گوتەی حوسێن تاڵب نیعمە، بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، کاری دانانی بناخەی ئەو سایلۆیانە دەستی پێکردووە، بەڵام سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست هێشتا کار بۆ سایلۆکەی دووبز دەستی پێنەکراوە.
 
ئامانج لە دروستکردنی ئەو سایلۆیانە، رێگریکردنە لە تێکچوون و کەمکردنەوەی پرۆسەی گواستنەوەی گەنمی زیادە لە نێوان پارێزگاکان، هەروەها کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوەیە.
 
لە پارێزگای کەرکووک، چوار سایلۆ هەن، کە بریتین لە کەرکووک، حەویجە، ریاز و تازە. سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ دەڵێت هەر چواریان توانای کۆگاکردنی نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمیان هەیە.
 
بەگوتەی ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق، کە لەکاتی واژۆکردنی گرێبەستی ئەو 5 سایلۆیە، لە پلانیاندایە لە داهاتوودا 20 سایلۆی دیکە دروست بکەن. 
 
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ساڵی 2024 لە مێژووی عێراقدا زۆرترین گەنم وەرگیراوە، کە 6.302 ملیۆن تۆن بوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.