رووداو دیجیتاڵ
کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دواخرا، کە بڕیاربوو سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت. بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری حیزبەکە دەڵێت، کاتێکی دیکە بۆ کۆنگرە دیاری دەکەن.
رۆژی 19ـی حوزەیران، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئەو بارگرژییەی لە ئارادایە و پێشبینیی بەردەوامی و فراوانتربوونی لێ دەکرێت، لەسەر داوا و پێشنیازی خەڵکێکی زۆرمان لە هەموو ئاستەکاندا و دوای قسەکردن لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکاندا، بڕیاری دواخستنی کۆنگرەمان دا بۆ کاتێکی گونجاو و ئارام".
بڕیاربوو 22 و 23ـی ئەم مانگە، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆنگرەی پێنجەم ببەستێت.
د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای تاوتوێکردنی دۆخەکە بڕیاری دواخستنی کۆنگرە دراوە بۆ کاتێکی دیکە".
بێستوون حەمەساڵح گوتی: "لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەسەرهێڵین بۆ دیاریکردنی کاتێکی گونجاو".
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئایاری ساڵی 2001 دامەزراوە و لەلایەن عەلی باپیرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و تاوەکو ئەمڕۆ چوار کۆنگرەی بەستووە.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسی هەیە و لە پەرلەمانی کوردستان سێ کورسی بەدەستهێنا.
کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەریی، شوباتی 2021 بەڕێوەچوو، لەو کۆنگرەدا بۆ یەکەم جار ناوی حیزبەکە پاشگری ئیسلامیی لێکرایەوە. هاوکات عەلی باپیر، کە لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبەکەوە ئەمیری حیزبەکە بوو، لەو کۆنگرەدا جارێکی دیکە هەڵبژێردرایەوە و ناونیشانەکەی کرایە سەرۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ