رووداو دیجیتاڵ
لە رووی پزیشكییەوە، هەركەسێك بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لەبەر تیشكی خۆردا بمێنێتەوە، بەتایبەتیش لە وەرزی هاویندا ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی كە لەشی نەتوانێت خۆی فێنك بكاتەوە، ئەگەر لە دەرەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی ژینگەی دەوروبەردا، پلەی گەرمیی لەش بگاتە 40.6 پلەی سیلیزیی، ئەوا ئەو كەسە بە تووشبوو بە (لێدانی خۆر) ئەژمار دەكرێت و بەهۆی چەندین نیشانەی ئاشكراوە دەزانرێت.
چۆن لەش فێنك دەكرێتەوە؟
- ئاسانكردنی تیشكدانەوە، چونكە لەشی مرۆڤ بەهەمان شێوەی تیشكدانەوەی ئاگر ئەو خەسڵەتەی هەیە
- نزیككردنەوەی لەش لە بایەكی سارد یان ئاو، كە هەردووكیان دەبنەهۆی دوورخستنەوەی گەرمیی زیاد لە لەش
- بە هەڵمداچوون، بەو پێیەی لەش ئارەقە دەكات، لەشی مرۆڤ گەرمیی زیاد دوور دەخاتەوە، جا لەبەرئەوەی پلەی گەرمیی سرووشتی پێست لەنێوان 32 و 34 پلەی سیلیزییە، بۆیە هەر گەرمداهاتنێكی زیاتری هەوای دەرەكیی دەوروبەری دەبێتە هۆی هاندانی زیاتری (خانەكانی بەرهەمهێنانی ئارەقە) تاوەکو زیاتر ئەو شلەیە بەرهەمبێنن لەپێناو ساردكردنەوەی بەردەوامی لەشدا.
کەی لەش دووچاری گرفت دەبێتەوە لە رێكخستنی پلەی گەرمیی خۆیدا؟
- كەمبوونەوەی بەرچاوی رێژەی شلەمەنییەكان، بە تایبەتیی ئاو
- لەبەركردنی جلوبەرگی نەشیاو، وەك ئەوانەی تەسكن بە سانایی بە پێستەوە دەنووسێن، لەو حاڵەتەدا لەش ناتوانێ وەك پێویست و سەربەستانە ئارەقە دەربدات و دەرەنجام پلەی گەرمیی بەرزتر دەبێتەوە
- بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری شێ لە هەوادا، ئەم گرفتەش قووڵتر دەبێتەوە، ئەگەر شوێنەکە داخراو بێت و هەواگۆڕی تیادا نەبێت
نیشانەكانی بەركەوتن بە (لێدانی خۆر) چین؟
- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش
- ئارەقەكردنێكی زۆر لەسەرەتاو پاشان وەستانی لە ناكاودا، وەك لە كاتی وشكداهاتنی زۆر تووندا روودەدات، ئەوكاتە پێست وشك دادێت و بەبێ ئەنجامدانی كرداری ئارەقەكردنیش، بێگومان لەش هیچ رێگەیەكی دیكەی نییە بۆ خۆ فێنکكردنەوە
- لێدانی خێرای دڵ
- خێرابوونی كرداری هەناسەدان
- رشانەوە
- گرژبوونەوەی ماسوولكەكان
- سوورهەڵگەڕانی پێست
- تۆخبوونی رەنگی میز
- هەڵچوونی كۆئەندامی دەماریی و دەركەوتنی نیشانەی شڵەژان، سەرئێشە، سەرسووڕان. دڵەڕاوكێی، وڕێنەكردن و زۆرجاریش لەهۆشخۆچوون
چۆن خۆمان لە (لێدانی خۆر) دەپارێزین؟
چاكترین رێگە، نەچوونە بەر خۆرە، بە تایبەتی منداڵان و بەساڵاداچووەكان، بەڵام لە کاتی ناچاریدا ئەوا پێویستە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بنرێن:
- لەبەركردنی جلی سووك و رەنگ كراوە و لەسەركردنی كڵاوێكی فراوان
- بەكارهێنانی كرێمی دژەخۆر، بە تایبەتی ئەوانەی هۆكاری پارێزی جۆری SPF 30 زیاتریان تێدایە
- زۆر خواردنەوەی ئاو و خۆشاوە سرووشتییەكانی میوە
- وەستاندنی هەر چالاكییەك كە لە دەرەوەی ماڵ و لەژێر تیشكی خۆردا ئەنجام دەدرێت، ئەگەر هەر پێویست بوو، ئەوا باشترین كات لە بەیانی زوو و دوای خۆرئاوابوونە
- چاودێریکردنی بەردەوامی میز، چونكە تۆخبوونی رەنگی میز مانای تووشبوونی لەشە بە وشكبوون
شیاوترین هەنگاوەكانی چارەسەركردنی لێدانی خۆر
بێگومان لێدانی خۆر، دۆخێکی تەندروستی لە ناكاوە، بۆیە هەر كەسێك دووچاری ئەو حاڵەتە ببێتەوە، ئەوا پێویستە دەستبەجێ بگەیێندرێتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، بەڵام دەكرێ پێشوەختە هەندێ هەنگاوی فریاكەوتنی خێرا ئەنجام بدرێن:
- گواستنەوەی خێرای نەخۆش بۆ ناوچەیەكی فێنك یان سێبەر
- دڵنیابوون لە دەستەبەربوونی هەواگۆڕكێی شوێنەكە و بەكارهێنانی هەر ئامێرێكی فێنككردنەوە یان هەواگۆڕكێ
- نەخۆش ناچار بكرێت ئاو بخواتەوە
- بەهیچ شێوەیەك هیچ دەرمان یان حەبێكی هێوركەرەوە نەدرێتە نەخۆش
- باشترە نەخۆش بخرێتە نێو ئاوێك كە زۆر سارد نەبێت
- لەكاتی پاڵخستنی هەردوو لاقەكانی نەخۆش كەمێك بەرز بكرێنەوە و شتێك لەژێر پێیەكانی دابنرێت
- ئەگەر نەخۆشەكە دووچاری گرژبوونی ماسولكە بوو، هیچ شتێك نەخرێتە دەمی و تا بكرێت كەرەستە مەترسیدارەكان لە دەوروبەریدا دوور بخرێنەوە، ئەگەر دووچاری رشانەوە ببوو، ئەوا پێویستە دڵنابین لەوەی هیچ شتێك رێڕەوەی هەناسەدانی نەگرتووە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ